ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح‌و محەمەد جەواد زەریف

عیراق

26/05/2019‌ 233 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەشاری بەغدا لەگەڵ محەمەد جواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی یاوەری كۆبوونەوەی كرد.

بەپێی راگەیەنراوێك لەدیدارەكەدا سەرۆك بەرهەم سوربوونی عێراقی دووپاتكردەوە لە سەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئیران و وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی دراوسێدا، هاوكات تەئكیدیشی لە سەر ئەوەی كردەوە، كە عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە ببێتە سەكۆی بەیەكگەیشتنی نێوان دەوڵەتانی برا و دۆست و ببێتە هۆكارێك بۆ سەقامگیری ناوچەكە لە پێناو بنیادنانی پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەگەڵ تەواوی دەوڵەتان بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران ویستی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری و هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، هەروەها هەڵوێستی ئێرانی دووپاتكردەوە لە سەر پشتیوانیكردنی عێراق لە ئاستە جیا جیاكاندا.

هەر لەو دیدارەدا دواین گۆرانكاری سیاسی لە سەر ئاستی ناوچەی و نێودەوڵەتی گفتوگۆی لەبارەوە كرا، هەروەها باس لەوە كرا كە ریگری بكرێت لە سەرهەڵدانی جەنگ و پێویستی پەنابردن بۆ هێوركردنەوە و پشت بەستن بە دیالۆگی بنیادنەرانە لە پێناو چەسپاندنی بنەمای ئاشتی لە ناوچەكە و گرنگی خستنەگەڕی هەوڵە هاوبەشەكان بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان و گەیشتن بە چارەسەری سیاسی قەیرانەكانی ئێستا و كاركردن بۆ دورخستنەوەی ناوچەكە لە زیانەكانی گەمارۆ.

وەزیری دەرەوەی ئێران بانگهێشتی حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێرانی گەیاندە‌ بەرهەم ساڵح بۆ ئەوەی سەردانی تاران بكات بۆ گفتۆكردن لە سەر دۆسییە هاوبەشەكان.

هـ ـ ح