بەرپرسی "بەیتولمال"ی داعش لەعێراق دەستگیردەكرێت

عیراق

26/05/2019‌ 308 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق بەرپسی "بەیتولمال"ی داعشیان دەستگیركردووە.

شانەی راگەیاندنی جەنگی راشیگەیاند، هێزێكی سەر بە ئاژانسی هەواڵگری لە وەزارەتی ناوخۆ بەرپرسی ئەوەی پێیدەگوترێت "بەیتولمال" ی سەر بە ڕیكخراوی تیرۆریستی داعشیان دەستگیر كردووە.

هەروەها رایگەیاندووە، دەستگیركردنەكە دوای چاودێرییەكی بەردەوام بووە لەقەزای عانەی سەر بە پارێزگای ئەنبار.

ماوەیەكە دەزگا ئەمنییەكانی عێراق ناو بەناو دەستگیركردنی ئەمیر و سەركردە و فەرماندە دیارەكانی داعش لە ناوجە جیاجیاكانی عێراق رادەگەیەنن .

رۆژی هەینیش وەزارەتی ناوخۆی عێراق  رایگەیاند، توانیویانە لەبەشی راستی شاری موسڵ چەكدارێكی داعش كە وەك "حیسبە" كاری كردووە دەستگیر بكەن .

وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، فەوجی فریاكەوتنی پۆلیسی یەك سەر بە فەرماندەی پۆلیسی نەینەوا لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی ورد یەكێك لە چەكدارە تیرۆریستەكانی داعش لەكاتی دەسەڵاتداری داعش لەناو موسڵ لەناو  دامەزراوەیە كاری كردووە كە پێیدەگوترا "ئەحیسبە"  كە كاری ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونكەرە و لەسەر ئەوەش لێپێچینەوە لە خەڵك دەكەن .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی