وردەكاری ئەركی ئەو هێزەی ئەمەریكا بەرەو ناوچەی كەنداو دێن

جیهان

26/05/2019‌ 964 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەهەنگاوێكی تازەدا بەئامانجی چاوترسێنكردنی ئێران ، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی ١٥٠٠ سەربازی تر ڕەوانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەكات ، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ لێدوانی پنتاگۆن بەتۆمەتباركردنی ئێران بەوەی دەستی هەیە لەپەلاماری سەر كەشتییەكانی كەنداوی عوممان و هێرشی مووشەكی لەنزیك باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا .

بەرپرسە ئەمەریكییەكان دەڵێن: گەلێك كەلوپەل و پێداویستی سەربازی و چەكی نوێ لەگەڵ سەربازەكان رەوانەی ناوجەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەكرێت .

رۆژی هەینیش ترامپ لەلێدوانیكی رۆژنامەوانیدا پێش ئەوەی بەرەو ژاپۆن بەڕێبكەوێت وتی "ئەركی ئەو سەربازانە ئەركێكی خۆپارێزی دەبێت ".

بەگوێرەی ئاژانسی بلوومبیرگ نزیكەی ٦٠٠ سەرباز لەكۆی ١٥٠٠ سەربازەكە ئێستا لەناوچەكەن ، ئەوەش مانای وایە ئەو ژمارەیەی دەنێردرێن لەهەزار سەرباز كەمترن .

لای خۆیەوە كایتی ویلبارگر یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێت: ناردنی ئەو هێزانە لەسەر داوای جەنەڕاڵ كینیس ماكینزی فەرماندەی فەرماندەیی سوپای ناوەندی ئەمەریكا بووە .

هەروەك ئەدمیراڵ مایكڵ گیڵدای بەرێوەبەری ئەركانی هاوبەش لە پنتاگۆن دەڵێت جگە لەو ١٥٠٠ سەربازە پۆلێك فرۆكەی شەڕكەر و فرۆكەی سیخوڕیی دەنێرینە ناوچەكە ، كە ئەركی ئەو پۆلە فرۆكە بەرپەرچدانەوەی هەر كارێكی گیرەشێوێنانەی ئێران دەبێت ، ئەوەش بەقسەی فەرماندەیەكی سەربازی ئەمەریكی .

گیلدای دەشڵێت: لەناو ئەو سەربازانەی بۆ ناوجەی رۆژهەڵاتی ناوەراستی دەنێرین ، ئەندازیاری سەربازیسیان لەناودایە كە ئیش لەسەر بەهێزكردنی بەرگرییەكانی ئەمەریكا دەكەن لەوێ .

هەر بەپێی ئەوەی پنتاگۆن بەڵینیداوە ، ئەركیكی تری ئەو هیزانە ئەوە دەبێت گەرووی هورمز بەكراوەیی بمینێتەوە بێئەوەی هیچ ئاستەنگێكی بۆ درووست بكرێت .

جگە لەوەش فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریكا نیازی وایە كەتیبەیەكی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت بهیڵێتەوە .

ویلبارگر باسی لەوەس كردووە كە هەواڵگری ئەمەریكی خەریكە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەكات كە ئەو زانیارییە نهینیانەی باسیان لە هەڕەشەكانی ئێران دەكرد ئاشكرا بكات ، ئەوەی وای لە وڵاتە یەكگرتووەكان كرد جوڵە بە هێزەكانی بكات بە ئاراستەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و كەنداوی فارسی .

تۆم كۆتۆن سیناتۆری كۆماری لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی "بلوومبێرگ" دەڵێت " كۆكردنەوەی ئەو هەموو هێز  و چەك و چۆڵە و بردنیان بۆ ناوچەكە ، ئامانج لێی بۆ هیچ پرۆسەیەكی سەربازی نییە ، بەڵكو تەنیا بۆ چاوترسێنكردنی رژێمی تارانە لەوەی هیچ جوڵەیەكی سەربازی لەدی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا نەكات ".

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی