لەهیچ حاڵەتێكدا بەغدا ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببرێت

عیراق

26/05/2019‌ 974 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی كۆمەڵی ئیسلامی پێیوایە، كە بەغدا لەهیچ حاڵەتێكدا ناتوانێت موجەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕێت ، تەنانەت ئەگەر هەرێم نەوتیش رادەستی بەغدا نەكات .

ئەحمەد حاجی رەشی بە پێگەی "بەغداد ئەلیەوم "ی عێراقی رایگەیاند، ماددەیەكی ناو بودجە هەیە و پەرلەمان دەنگی لەسەرداوە، كە حكومەتی فیدراڵی ناچار دەكات بەوەی بەردەوام بێت لە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بێئەوەی یاری بەقووتی هاووڵاتیانی ئەوێ بكرێت.

ئەو ئەندامەی كۆمەڵی ئیسلامی راشیگەیاند، ماددەی ١٠ لە یاسای بودجەی فیدراڵی رێگری لە هەر كەسێك دەكات لە بەغدا بەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕێت یان ناردنی رابگرێت ، تەنانەت ئەگەر حكومەتی هەرێم داهاتەكانی نەوتیشی نەگەراندەوە بۆ ناوەند.

پێشتر جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەغدا رایگەیاند، عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیری عێراق لەكاتی كۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی رابردوودا بەسەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكانی وتووە "بەپێی یاسای بودجە ئەگەر هەرێم داهاتەكانی نەوت رادەستی بەغدا نەكاتەوە ئەوە شایستە داراییەكانی هەرێم دەبڕدرێن".

دوای ئەوە ، هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق وتی: "ئەو هەڕەشەیەی سەرۆك وەزیران بەوەی ئەگەر هەرێم نەوت رادەستی بەغدا نەكات ئەوە شایستە داراییەكانی دەبڕدرێت ، ئەوە بەرئەنجامی گوشارەكانی ئێمە بووە لەسەری، هەروەك وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە كە تائیستا هەریم یەك بەرمیل نەوتی رادەستی بەغدا نەكردووە".

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی