گفتوگۆكانی زەریف لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەكان تەواو نهێنی بوون

عیراق

26/05/2019‌ 1038 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی سەرچاوەكان، گفتوگۆكانی نێوان محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران و بەرپرسە عێراقییەكان تەواو نهێنی بوون.

كەناڵی ئاسمانی "روسیا الیوم" بڵاویكردەوە، چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە بڕیارسازان باسی ئەوەیان كردووە، كە سەردانەكەی زەریفی بۆ ئەوە بووە هەڵوێستی عێراق بزانن سەبارەت بە تەنگژەكەی نێوان تاران و واشنتۆن، ئەمە جگە لەوەی لایەنی عێراقی چەند پێشنیارێكی داوەتە لایەنی ئێرانی بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە تەنگژەكە.

سەرچاوەكە بڵاویشیكردەوە، حكومەتی عێراقی هانی ئێرانی داوە پابەند بێت بەمەرجەكانی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە بە مەبە‌ستی هێوركردنەوەی دۆخەكە.

لە چاوپێكەوتنەكەی عەبدولمەهدی و وەزیری دەرەوەی ئێراندا، پەیوەندی هەردوو وڵات تاوتوێكران، باسی ئەو دۆسییانەش كرا هەردوولا لە هەردوو سەردانەكەی سەرۆك ڕۆحانی بۆ عێراق و سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ تاران لەسەر ڕێككەتوون.

لە دیدارەكەدا، باس لە دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی و چۆنییەتی پاراستنی هەردوو وڵات و ناوچەكە لە سزاكان و مەترسی جەنگ كرا. 

هەردوولاش گرنگی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە و چۆنییەتی هێشتنەوەی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێرانیان دووپاتكردەوە. 

چەند سەرچاوەیەكی عێراقیش هەفتەی ڕابردوو باسی ئەوەیان كردووە، كە عەبدولمەهدی نیازی هەیە پێشدەستییەكی فەرمی بخاتە بەردەم واشنتۆن و تاران بە مەبەستی هێوركردنەوەی بارگرژییەكانی نێوانیان، ئەمەش لە ڕێگەی كۆكردنەوەی نوێنەرانی هەردوولا لە بەغدا.

سەرچاوەكە بۆ "غەد پرێس" وتیشی: "عەبدولمەهدی نیازی وایە چەند نوێنەرێكی بنێرێت بۆ واشنتۆن و تاران كە هەڵگری پێشدەستییەكن بۆ وەستاندنی بارگرژی هەڵكشاوی نێوان واشنتۆن و تاران، جەختیش لەوە دەكەنەوە كە پێویستە لەسەر مێزەی گفتوگۆ لە بەغدا ئەو پێشدەستییە تاوتوێ بكەن".

ڕۆژی 3 شەممە عەبدولمەهدی باسی ناردنی ئەو نوێنەرانەی بۆ پایتەختی هەردوو وڵات كرد، ڕوونیشیكردەوە عێراق لەگەڵ دیدگای ئەوروپییەكان كۆك و تەبایە بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی ناوچەكە.

هەورەها ئەوەشی وت: بەرپرسانی تاران و واشنتۆن ئەوەیان بۆ دووپاتكردووەتەوە، كە ئا‌رەزووی هەڵگیرسانی جەنگ ناكەن.

عەبدولمەهدی وتیشی: هەموو هێزە عێراقییەكان كۆك و تەبان لەسەر ئەوەی دەبێت چارەسەرێك بۆ تەنگژەی ناوچەكە بدۆزرێتەوە و  هیچ لایەكیش لەگەڵ خراپبوونی دۆخەكە نییە.

سەرچاوە: خەلیج ئۆنلاین
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر