دادگا سکاڵاکه‌رانی رۆژنامەنووس و نووسەرانی لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید و گرووپی سۆشیال میدیای نەوەی نوێ رووبەڕوكردەوە

کوردستان

26/05/2019‌ 1754 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دادگای سلێمانی ئه‌مڕۆ سکاڵاکەرانی رۆژنامەنووس و نووسەرانی لەگەڵ شاسوار عەبدولواحیدو گرووپی  سۆشیال میدیای نەوەی نوێ رووبەرو كردەوە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ر رایانگه‌یاندووه‌، "ئەمڕۆ یەكشەممە دادگای سلێمانی دانیشتنێكی رووبەڕوبونەوەی دادگاییكردنی بە ئامادەبوونی پێنج رۆژنامەنووس و نووسەری سكاڵاكەر، لە بەرامبەر ئامادەبوونی 10 ئەدمینی پەیجەكانی (فایلی نهێنی و داهاتویەكی نوێ‌ و رۆژگوڵ و پەیج و ماڵپەری رۆژنامەو....)و شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جووڵانەوەی نوێ‌ و 2 سکرتێری سەرۆکی جووڵانەوەکەو 2پارێزەری ناوبراوان  رێكخست".

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شكراوه‌، "لەرووبەڕوبونەوەكەدا هەردوو سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید، لەبەردەم رۆژنامەنووس و نووسەران و دادوەری بەرێزدا، دانیان بەوەدا نا كە فرمان و رێنماییان لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە وەرگرتووە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمەت و بووختانە داتاشراوە جۆراوجۆرانەی کە بۆ ناوزڕاندنی ئێمەو ئەوانی تریش  لەماڵپەڕی (ڕۆژنامە)و پەیجە بندیوارو نهێنییەکانی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ)دا بڵاویان کردۆتەوە".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "ڕاستەوخۆ شاسوار عەبدولواحید خۆی دەقی بووختان داتاشین و تۆمەت هەڵبەستنەکانی داڕشتووەو بۆی ناردوون بۆ بڵاوکردنەوەو بەڤیزا كارتی ناوبراو ئەو ماڵپەڕو پەیجانە سپۆنسەر کراون و بەرێوەبراون، ئەو كارانەش لەرێگەی گرووپ چاتێكەوە كراوە كە سكرتێرەكانی شاسوار عەبدولواحیدو لێپرسراوی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ) سەرپەرشتییانكردووە". 

رونیشیكراوه‌ته‌وه‌، "پرۆسەی رووبەرووبونەوە دادگاییەكە زۆر شەفاف و ئازاد بوو ،ئەدمینەكان ئەو راستییەیان دەخستە روو کە شاسوار عەبدولواحید چۆن ئەوانی بەکارھێناوە بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لەرێگەی دوو سکرتێرەکەی و لێپرسراوی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ)وە بۆ ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی بووختان و تۆمەت و پەلاماردانی ئێمەو خەلکی تریش". 


ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

راگەیەندراوی رۆژنامەوانیی
دادگا ؛ سکاڵاکەرانی رۆژنامەنووس و نووسەرانی لەگەڵ شاسوار عەبدولواحیدو گرووپی  سۆشیال میدیای نەوەی نوێ رووبەروو كردەوە

ئەمڕۆ یەكشەممە (26ی 5ی 2019) دادگای سلێمانی دانیشتنێكی رووبەروبونەوەی دادگاییكردنی بە ئامادەبوونی پێنج رۆژنامەنووس و نووسەری سكاڵاكەر، لەبەرامبەر ئامادەبوونی (10) ئەدمینی پەیجەكانی (فایلی نهێنی و داهاتویەكی نوێ‌ و رۆژگوڵ و پەیج و ماڵپەری رۆژنامەو....)و شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جووڵانەوەی نوێ‌ و (2) سکرتێری سەرۆکی جووڵانەوەکەو (2) پارێزەری ناوبراوان  رێكخست.

لەرووبەروبونەوەكەدا هەردوو سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید؛ لەبەردەم رۆژنامەنووس و نووسەران و دادوەری بەرێزدا ؛ دانیان بەوەدا نا ، كە فرمان و رێنماییان لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە وەرگرتووە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمەت و بووختانە داتاشراوە جۆراوجۆرانەی کە بۆ ناوزڕاندنی ئێمەو ئەوانی تریش  لەماڵپەڕی (ڕۆژنامە)و پەیجە بندیوارو نهێنییەکانی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ)دا بڵاویان کردۆتەوەو ڕاستەوخۆ شاسوار عەبدولواحید خۆی دەقی بووختان داتاشین و تۆمەت هەڵبەستنەکانی داڕشتووەو بۆی ناردوون بۆ بڵاوکردنەوەو بەڤیزا كارتی ناوبراو ؛ ئەو ماڵپەڕو پەیجانە سپۆنسەر کراون و بەرێوەبراون ، ئەو كارانەش لەرێگەی گرووپ چاتێكەوە كراوە كە سكرتێرەكانی شاسوار عەبدولواحیدو لێپرسراوی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ) سەرپەرشتییانكردووە. 

ئێمە گەیشتینە ئەو قەناعەتەی كە بەشێک لەو (10) كەسەی ئێستا لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید دەستگیرکراون ، كوڕی هەژارن و بوونەتە قووربانیی و  لەرێگەی هەندێک گووشارو فشارەوە ؛ ئیستیغلالکراون و بەكارهێنراون بۆ بەرێوەبردنی ئەوماڵپەڕو پەیجانە.

ئێمە لەیەكەم دانیشتنی رووبەرووبونەوە دادگاییەكەدا رایدەگەیەنین كە:

یەك: پرۆسەی رووبەرووبونەوە دادگاییەكە زۆر شەفاف و ئازاد بوو ،ئەدمینەكان ئەو راستییەیان دەخستە روو کە شاسوار عەبدولواحید چۆن ئەوانی بەکارھێناوە بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لەرێگەی دوو سکرتێرەکەی و لێپرسراوی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ)وە  ؛ بۆ ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی بووختان و تۆمەت و پەلاماردانی ئێمەو خەلکی تریش..

دوو: راستە ئێمە بەشێکین لەقووربانییەکان، لەھەمانکاتدا داواکارین ئەم کەیسە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە یەکلا بکرێتەوەو ئێمە سوورین لەسەر سکاڵاکەمان و وەرگرتنی مافی خۆمان..

لەگەڵ رێزماندا...

كەمال رەئوف: سەرنووسەرى ماڵپەری شار
نیاز سەعید: نووسەرو سیاسیی
تاریق فاتیح: سەرنووسەری هاوڵاتی
محەمەد هەورامی: رۆژنامەنووس
سیروان رەشید: رۆژنامەنووس