مەلا بەختیار بانگەوازێک ئاڕاستەی مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ دەکات

کوردستان

26/05/2019‌ 3490 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەمیانی کۆبونەوەیەکیدا بانگەوازێکی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ و سەرۆکی حزبەکانی کوردستان دەکات و لەبارەی ئەگەری روودانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆشداری دەدات.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی ئێوارەی ئەمڕۆ پێشوازی لەمامۆستایانی شۆڕش كردو لەبارەی مەترسی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق، بانگەوازێکی ئاراستەی مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ و سەرۆکی هەموو حزبەکانی کوردستان کرد، کە لە کۆتایی ئەم هەواڵەدا تەواوی بانگەوازەکە خراوەتەڕوو.

ئاماژەی بەوەشکردووه‌، "لای من ئەوانەی، وەكو مامۆستا دامەزران‌و ئەركی مامۆستایەتیان لەناو شۆڕشدا راپەڕاند، بڕوانامەیان هەبووبێ‌ یان نا، ئەركێكی گەورەو پەروەردەیەكی گەورە‌و خزمەتێكی پیرۆزیان ئەنجامداوە، بۆیە ئەو خزمەتە هەرگیز كەمتر نییە لەخزمەتی پێشمەرگە‌و لەیادەوەری شۆڕشیدا، مامۆستایانی شۆڕش شوێن‌و یادەوەرییەكی جوانیان هەیە. هەروەك چۆن ئەگەر هەركەسێك دەزرییەكی لێبدایە، پێیاندەوت دكتۆر، یان ئەگەر لەپۆلی یەكی كۆلێژی یاساش بوایە پێیاندەوت حاكم‌و ناوەكان هەمووی وایلێدەهات، ئێوەش ئەو هەموو ساڵە لەمەكتەبەكاندا منداڵانتان پەروەردە دەكردو وانەشتان بەپێشمەرگە دەوتەوە".

مەلا بەختیار رونیشیكردەوە، "هەندێك پرسیار هەن لەناو میللەتان بەمانگێك وەڵامدەدرێتەوە، بەڵام كوردستان بەرەو كوێ‌؟ ئەمە دوو سەد ساڵە وەڵامنادرێتەوە؟ قەدەری نەتەوەی ئێمە، قەدەرێكی بەدبەختییە كە گیرۆدەی دواكەوتن‌و دەسەڵاتە خراپەكانی ناوچەكەو گیرۆدەی هەموو ئەو رووداوانەشین، كە بەدەر لەئیرادەی خۆمان بەسەرماندا دەسەپێنرێت‌و ئەنجامەكەشی چۆن دەكەوێتەو؟ دیارە خراپ لەسەر چارەنوسمان كاریگەری دەبێت".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "لەسەدەی ناوەڕاست هەر شەڕێك لەنێوان ئیمپراتۆریەتەكان، هەر رۆڵەی كورد كراونەتە پێخۆر بۆ ئەم خوێنخۆرانە! چ بۆ سەفەوی، قاجاریی، عوسمانی‌و عەباسی‌و ئومەوییەكانیش. دواتر لەجەنگی یەكەمیشەوە، كورد بووین بە پاروییەكی چەور بۆ چۆنێتی  دابەشكردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و كوردستانیش. ئینگلیزەكان بۆ ئەوەی عەرەب، تورك‌و فارس رازیبكەن، چەپۆكیان پێدادەداین‌و مافەكانی ئێمەیان دەدا بە ئەوان‌و سەركوتكردنی ئەوانیش بەرامبەر بەئێمە، لای بەریتانیا‌و فەرەنساییەكان، رەوایی پێدەدرا، بەكوردیش دەوترا دواكەوتون، بەڵام دەسەڵاتێكی دواكەوتووی سەركوتارانەی ئەوان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەبوو بەهۆی ئەوەی گوایە ئەوان دەتوانن دەسەڵاتیان هەبێت، بەڵام ئێمە ناتوانین حكومەتمان هەبێت".

مەلا بەختیار راشیگەیاندووه‌، "ئێستاش، ئەوەتا حكومەتی عیراق دەستور جێبەجێ‌ ناكات، كێشەی نەوت‌و غاز چارەسەر ناكات، سێ‌ مانگ بودجەمان دەداتێ‌‌و شەش مانگ هەڕەشەمان لێدەكات‌و نامانداتێ‌. حكومەتی عیراق، سوپای عیراق، كە سوپای عەرەب بێ‌، هەمووی چەكدار دەكات‌و هەموو توانایەكی بۆدابین دەكات‌و هەموو چەكێكی دەداتێ‌. حەشدی شەعبی بەماوەی سێ‌ مانگ دامەزراند‌و باشترین چەكی بۆ كڕین، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە لە(1961)ەوە هەیە، ئێستاش بەهەزار حاڵ موچەكەی بداتێ‌ یان نایداتێ‌". 

مەلا بەختیار وتیشی، "هەموومان لەو دۆخەداین‌و ئەگەر ئەو جەنگە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبدات، ئەوا لەجەنگی دووەمی جیهانیش مەترسیدارترە، چونكە جەنگی ناوچەیی‌و كەنداویی‌و رۆژهەڵاتی رووبدات، ئەوا لەجەنگی دووەمی جیهانی مەترسیدار تر دەبێت‌".

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، "سەرۆك وەزیرانی عیراق، لەسەر ئاستی عیراق‌و كوردستان جوڵە بكات، پێشئەوەی جوڵە بكات بۆ ئەوەی سوڵحی نێوان ئەمریكا و ئێران بكات. قسەشم لەسەر ئەوەیە سەرۆك پەرلەمانی عیراق دەبێ‌ جوڵە بكات، دەبێ‌ حزبە كوردستانییەكان لەنێوان خۆماندا دابنیشین‌و بەرنامەیەكی هاوبەشمان هەبێ‌، لایەنیكەم رێكبكەوین لەسەر ئەو خاڵانەی چارەنوسی هەمو حزبە كوردستانییەكان‌و نەتەوەكەمانی پێوەبەستراوەو بیری لێبكەینەوە. بەداخەوە تا ئێستا هیچی لەمانە نەكراوە‌و روونە هۆكارەكانی چین!".

مه‌لا به‌ختیار په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی مه‌سعود بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ كردووه‌ ده‌ڵێت، "لێرەوە بانگەوازێك بۆ كاك مەسعود‌ و كاك كۆسرەت‌و سەرۆكی هەموو حزبەكان دەكەم، سەرەڕای جیاوازییەكان‌و كێشەكان، كە بەزوترین كات كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری لەنێوان حزبەكانی كوردستاندا بكرێت‌و لەناو پەرلەمان كۆبوونەوە بكرێت‌و داوای كۆبوونەوەی حزبە عیراقییەكان بكرێت‌و گفتوگۆ بكەین، پێشتریش وتومە كە هەقە لەم كێشەیەدا، بۆ مەترسی جەنگ لەنێوان ئەمریكاو ئێران، سیاسەتی خۆمان ببەستینەوە بەسیاسەتی بەغداد، بەڵام سیاسەتی بەغدادیش نابێ‌ بەبێ‌ راوێژ لەگەڵ سەركردایەتی كوردستان بیسەپێنێت".