رێباز حەملان: حکومەتی ناوەند پێنج موچەی بۆ هەرێم ناردووە

sharpress.net

353 جار خوێندراوه‌ته‌وه

27/05/2019‌

شارپرێس:
وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێش جەژن دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی سێ دەکەن و ئەو وەزارەتانەی مانەوە دوای چەند دابەشی دەکەن.

رێباز حەملان وەزیری دارایی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "پێش جەژن دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەین، ئەوەی فریانەکەوتین دوای جەژن هەمووی دابەشدەکەین".

وەزیری دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد،تاوەکو ئێستا هیچ پارەیەکیان لە بەغداوە بۆ نەهاتووە کە بتوانن هەموو مووچەکان بدەن، بەڵام بەو بڕە پارەیەی لەبەردەستیاندایە پێش جەژن دەست بە دابەشکردنی دەکەن. 

ناوبراو باسی لەوەشکرد، ئێستا وەزارەتەکەی بودجەکەی ئامادەیە و چاوەڕێی کابینەی نوێ دەکات بۆ ئەوەی دەستبەکاربێت، رونیشیکردەوە، لەبەرئەوە هەر بڕە پارەیەک لە وەزارەتی داریی و ئابووری خەرج بکرێت، ئینجا بۆ مووچە بێت یان بۆ قەرز بێت پێشتر رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە. 

رێباز حەملان ئەوەشی رونکردەوە، لە داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئەو بڕە پارە کەمەی هاوپەیمانان دەیدەن، سێ ترلیۆن و 618 ملیار دیناریان خستووەتە سەر ئەو مووچانە بۆ ساڵی 2018 کە بەوتەی خۆی هەموو پارەکە دەکاتە شەش ترلیۆن و 475 ملیار بۆ ساڵی 2018 ، بەڵام بۆ 9 مانگ دابەشکراوە. 


هەروەها وەزیری دارایی هەرێم وتیشی، لە ساڵی ٢٠١٨ حکومەتی ناوەندی  نۆ جار موچەی ڕەوانەی هەرێم کردووە کە دوو ترلیۆن و ٨٥٧ ملیار دیناربووە کە لە مانگی ٤ی ٢٠١٨ دەستکراوە بە دابەشکردنی ئەو موچەیە بۆ مانگی یەکی ٢٠١٨، لە ساڵی ٢٠١٩دا حکومەتی ناوەند پێنج موچەی بۆ هەرێم ناردووە کە سێ موچەیان وەک موچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ و دوو موچەی لە ساڵی ٢٠١٩ دابەشکراوە.

هاوکات رونیکردەوە، حکومەتی ناوەند مانگانە ٤٥٣ ملیاری دیناری ناردوە و لە مانگی سێوە مانگانە بەغدا ٧٢٢ ملیار دینار دەنێرێت وەک قەرەبووی ڕابردوو، پێنج موچەکە بریتیبووە لە دوو ترلیۆن و ٢٦٦ملیار و ٣٩٩ ملیۆن دینار و بەڵێنیشیدا ٣٠ ڕۆژ جارێک مانگانە موچە دابەشدەکرێت و دواناکەوێت.

بەوتەی رێباز حەملان هەرێم مانگانە پێویستی بە ٨٨١ ملیار دینارە بۆ دابەشکردنی موچە و بۆیە هەرێم بۆ موچەی ئەو پێنج مانگە یەک ترلیۆن و ٨٣١ ملیار دیناری دابین کردوە و خستویانەتە سەر کە بوەتە ٣ ترلیۆن و  ٦١٨ ملیار دینار و دابەشیان کردووە.

لەبارەی ئەوەی ئەو پارەی لەبەغداوە رەوانەی هەرێم دەکرێت و لە قەرزی کۆمپانیاکان دەدرێتەوە و هەرێم دابەشی نەکردوە، وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، "ئەم هەواڵە زۆر دوورە لە راستییەوە، چونکە بانکی مەرکەزی عێراقی بەڵگەی بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە و تێیدا هاتووە ئاماژە بە نووسراوتان ژمارە 198 لە 26-5-2019 ئاگادارتان دەکەینەوە کە تاوەکو ئێستا بەهیچ شێوەیەک مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە نەخراوەتە سەر هەژماری وەزارەتتان. 

س.هـ







ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved