فەرماندەیەكی سوپای پاسداران داوا لەئێرانییەكان دەكات دۆلار بسووتێنن

sharpress.net

336 جار خوێندراوه‌ته‌وه

28/05/2019‌

شارپرێس:
غولام رەزا جەلالی، كە یەكێكە لە فەرماندەكانی سوپای پاسدارانی ئێران ، بۆ بەرەنگاربوونەوەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا داوا لەگەلی ئێران دەكات لەسەر شەقامەكان دەستبكەن بە سووتاندنی دۆلاری ئەمەریكی .

ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێرانی بڵاویكردەوە، جەلالی لەكاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ فەرمانبەرانی "ڕێكخراوی بەرگری نەرێنی" ئێران رایگەیاندووە "ئەگەر ئەم ویستە لەئێران لەدایك بوو ،  خەڵك دەستی كرد بە سووتاندنی دۆلاری ئەمەریكی لەسەر شەقامەكان و بیری لای بەهێزكردنی توانای دراوی نیشتیمانی بوو ، ئەوكاتە ئەو هەنگاوە دەبێت بە هێرشێكی هەمەلایەنە بۆسەر خاڵی لاوازی دوژمن".

جەلالی راشیگەیاندووە، چین و روسیا و توركیا و ئێران و زۆرێك لە وڵاتە رۆژهەڵاتییەكان دەیانەوێت لەمامەڵە داراییەكانیاندا چیتر مامەڵە بە دۆلار نەكەن، هەروەك ئاماژەی بەوە كردووە، ئەمەریكییەكان دەزانن ئەگەر سازانێكی نێودەوڵەتی درووست بوو بۆ دەركردنی دۆلاری ئەمەریكی لە مامەڵە داراییەكان ، ئەوە گەورەترین ئامرازی هێز و توانای ئابوورییان لەدەست دەدەن ". 

ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران "نرخی دۆلار" بەیەكێك لە خاڵە لاوازەكانی ئەمەریكا دەزانێت و رایگەیاندووە "زۆرێك لە ئابووریناسان پێیان وایە ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە ١٠٠- ١٢٠ دۆلار ، ئەوە كۆتایی بە گەمارۆكانی ئەمەریكا بۆسەر ئێران دێت ، لەبەر ئەوەی ئەورووپی و ئەمەریكاییەكان توانای بەرگەگرتنی ئەو نرخەیان نییە".

ماوەیەكە گرژیی و ئاڵۆزییەكان لەنێوان ئێران و  وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەڵكشاوە ، ئەوەش مەترسی ئەوەی زیاد كردووە ململانێكە بگاتە ئاستی تەقینەوە ، بەتایبەت كە واشنتۆن بەردەوامە لە قورسكردنی گەمارۆ ئابوورییەكان و گوشارە سیاسییەكان لەسەر ئێران ، هەروەك بوونی سەربازی خۆشی لەناوچەكە هەر بەهێزتر دەكات .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved