چین ئەمەریكا بە پەیڕەوكردنی "تیرۆری ئابووری" تۆمەتباردەكات

sharpress.net

187 جار خوێندراوه‌ته‌وه

30/05/2019‌

شارپرێس:
چین  وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای تۆمەتبار كرد بەوەی لە شەڕی ئابووری نێوانیان پەیڕەوی تیرۆرێكی ئاشكرای ئابوورییانە دەكات .

چانگ هان هوای یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی چین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: ئێمە دژی جەنگی ئابووریین ، بەڵام لێشی ناترسین.

هوای وتیشی: ئەو بەئەنقەست درووستكردنەی قەیرانی بارزگانی لەگەڵ چین بریتییە لە تیرۆڕێكی ئاشكرای ئابووری و دەمارگیرییەكی نەتەوەیی ئابووری، هوای پێیوایە كە لەجەنگی ئابووریدا هیچ كەس براوە نابێت .

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی چین پێیوایە كە ئەو جەنگە ئابوورییە كاریگەری نەرێنی و ترسناكی لەسەر بوژانەوە و گەشەی ئابووری جیهان دەبیت ، هەروەك دەڵێت لە جەنگی ئابوریدا كۆدەنگییەكی فراوان و بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوان رووسیا و چین دا هەیە .

واپێدەچێت دوای ئەوەی گفتوگۆكانی نێوان واشنتۆن و بیجینگ لەسەر گەیشتن بە ڕێكەوتنێكی نوێی بازرگانی شكستیان هێنا بەئاراستەی دژبەیەك هەنگاو بنێن ، بەجۆرێك دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەسەرەتای ئەم مانگەوە  رسوماتی گومرگی لەسەر كاڵا چینییەكان بەرز كردەوە و كۆمپانیای زەبەلاحی هواوی چینی خستە لیستی رەشی وڵاتەكەیەوە.

لەبەرانبەردا چینیش رسووماتی گومرگی لەسەر كاڵا ئەمەریكییەكان بەرز كردەوە و هەندێ دەزگای میدیایی فەرمی چینیش هەڕەشەی ئەوەیان دەكرد كە چین دەتوانێت ناردنی هەندێ كانزای دەگمەن بۆ وڵاتە یەكگرتووەكان رابگرێت ، بەوەش واشنتۆن لە دەستكەوتنی هەندێ ماكی سەرەكی بێبەش دەبێت كە لە پیشەسازی زۆرێك لە بەرهەمە تەكنەلۆژییە پێشكەوتووەكان بەكاردەهێنرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی







ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved