هەرێم لە بەرمیلێك نەوت تەنیا ١٧ دۆلاری بۆ ماوەتەوە

sharpress.net

867 جار خوێندراوه‌ته‌وه

30/05/2019‌

شارپرێس:
لەسێ مانگی كۆتایی كۆی هەناردەو بەكاربردنی نەوت ٤٠ ملیۆن و ٩٦٠ هەزار بەرمیلە، لەم بڕە یەك ملیۆن ١١ هەزاری بەكارهاتووە لە ناوخۆ، ئەوەش بەپێی راپۆرتی دیلۆیت. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە كۆی نەوتی هەناردە بۆ فرۆشتن ٣٩ ملیۆن و ٩٤٩ هەزار بەرمیلە. 

عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری كوردستان لەو بارەوە دەڵێت: هەرچەندە بەپێی ڕاپۆرتەكە سەرەتا كۆی بەهای نەوتی خاوی فرشراو بە ٢ ملیارو ١٢٥ ملیۆن دۆلار هاتووە، بەڵام بەشێوەیەكی گوماناوی یەك ملیارو ٤٥٦ ملیۆن دۆلاری ئەم پارە خەرجكراوە(لە خشتەی دیلۆیت وردەكاری خەرجیەكە كراوە، بەڵام جگە لە قەرزی توركیا ئەوانی دیكە ناڵێت بە كێ دراوە). 

عەلی حەمەساڵح دەشڵێت: بەمەش لە فرۆشتنی ٣٩ ملیۆن و ٩٤٩ هەزار بەرمیل پوختەی داهات ٧٠٣ملیۆن و ١٩٢ هەزار دۆلارە، واتە لە هەر بەرمیلێك نەوت تەنها ١٧ دۆلار ماوەتەوە. 

ئەو باسی لەوە كردووە، ئەمەش شكستێكی ڕوونی سیاسەتی نەوتەو دەبێت ئەمە چاك بكرێتەوە بەم ڕێگانە:
لە زوترین كاتدا سندوقی داهاتی نەوت دروستبكرێت، كۆی پارەی نەوت پێش هەر خەرجیەك بێتە ئەم سندوقە( وەك لە یاساكەدا هەیە). 

چەندین كۆمپانیا بەناوی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و ئەمنی ملیۆنان دۆلاریان بەگەندەڵی بردوە، دەبێت پێداچونەوەی جدی بۆ ئەمە بكرێت. 

پاش پێكهێنانی حكومەت دەبێت وەفدێكی حكومەتی هەرێم بچێتە بەغدا بۆ ڕێككەوتنی یەكجاری لەسەر دۆسیەی نەوت. 

پەرلەمانتارەكە هەروەها دەڵێت: بەدڵنیایی ئەم سیاسەتەی ئێستای نەوت بەردەوام بێت، هەرێمی كوردستان لە ٢٠٢٠ تووشی قەیرانێكی قوڵ دەبێت. بەپێچەوانەش بە چاكسازی لەكەرتی نەوت و خەرجیەكان و ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا، دۆخی هەرێم بوژانەوەی گەورە بەخۆی دەبینێت. 

وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بۆ زیادكردنی ئەم داهاتە كەمەی نەوت سێ بڕە پارەی وەرگرتوە، كە هیچ پەیوەندی بە داهاتی نەوتی خاو نیە، ئەوانیش.. 
١- ٩١ ملیۆن دۆلار، گۆڕانكاریە لە ڕەسیدی حسابی كڕیارەكان( دەدرێتەوە). 
٢- ٣١٣ ملیۆن دۆلار داهاتی گرێبەستەكانی بەشداریكردن لە بەرهەمهێنان. 
٣- ٨٦ ملیۆن دۆلاری پێشەكی بۆ فرۆشتنی نەوتی داهاتوو. 

هـ ـ ح







ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved