ئایا شیری حوشتر چارەسەری نەخۆشی شەكرە دەكات؟

تەندروستی

01/06/2019‌ 1171 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماوەیەكە بەكارهێنانی شیری حوشتر بەشێوەیەكی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە ، ئەوەش لەبەرئەوەی خۆراكێكی دەوڵەمەندە بە رەگەزە خۆراكییەكان و ئەو تەنۆكانەی تەندرووستی مرۆڤ باش دەكەن .

هەرچەندە  ناكرێت ئەو شیرە بە  "خۆراكێكی نائاسایی" هەژمار بكرێت ، بەڵام لێكۆڵینەوەیەكی پزیشكی نوێ ئەوەی دەرخستووە بەرهەمەكانی شیری حوشتر دەكرێت گەلێك بەسوود بن بۆ ئەو كەسانەی بەدەست نەخۆشی شەكرە لە جۆری دووەم دەناڵێنن .

شیر لە چەوری و پرۆتین پێكدێت وەك گڵۆبۆڵینی بەرگری ( ئەو تەنە دژانەی خانەكانی پلازما بەرهەمیان دەهینن ) و چیكڵدانۆچكە ( شلەیەكە ئەو خانانە بەرهەمیان دەهینن كە بە پەردەی چەورییەوە نووساون ) ، جگە لە ڤیتامین و كازانزاكان.

بەهۆی ئەو هەموو ئاڵۆزییەی لەپێكهاتەكەیدا هەیە ، زاناكان تەنیا بۆ توێژینەوەكانیان شیری حوشتریان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی بزانن كاریگەری لەسەر لایەنێكی نەخۆشی شەكرە چییە كە ئەویش " هەوكردنە".

وەك دەزانرێت نەخۆشی شكرە یەكێكە لە گەورەترین كێشە تەندرووستییەكانی ئێستای جیهان ، وەهاش زانراوە هەوكردن لە چەوری ورگ و دەوروبەری كەمەر خەسڵەتێكی ترسناكی نەخۆشی شەكرەیە لە جۆری دووەم .

خانەیەك لە چەوری ورگدا هەیە پێیدەوترێت "خانەی قوتدەر" ، ئەوە بزوێنەری سەرەكی درووستبوونی ئەو هەوكردنەیە ، بۆیە توێژەران لەوەیان كۆڵیوەتەوە بزانن، كە ئایا ئەو چەورییەی لەناو شیری حوشتر هەیە توانای ئەوەی هەیە رێبگرێت لەوەی ئەو خانە قوتدەرانەی لەناو چەوری ورگدان ببنە خانەی هەوكەر .

تاقیكردنەوەكان ئەوەیان سەلماندووە، كە ئەو ترشەی لەناو شیری حوشتردایە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئەو هەوكردنەی ئەو خانە قوتدەرانە درووستی دەكەن .

لەبەرانبەردا ناتوانین بەدڵنیایی بڵیین، كە شیری حوشتر دەبێتە چارەسەر بۆ نەخۆشی شەكرە، یان ئەگەر كەسێك بەشێوەیەكی ڕێكوپێك ئەو شیرە بیخوات ئەوە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئەو هەوكردنەی كەسی تووشبوو بە نەخۆشی شەكرە لەجۆری دوو هەیەتی .

داتا نوێكانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە شیری حوشتر  رۆڵێكی گرنگی هەیە لە دانانی سنوورێك بۆ ئەو هەوكردنەی بەشێكی سەرەكییە لە نەخۆشی شەكرە لە جۆری دووەم ، ئەوەش واپێویست دەكات كە ئەزموونی مرۆیی زیاتر بكرێت بۆ دڵنیابوون لە راستی ئەو ئەنجامانە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی