بیری شۆڤێنی.. چ گرفتێكتان‌ لەگەڵ كوردەكاندا هەیە؟

عیراق

01/06/2019‌ 1050 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەوانەی خوێنساردانە 1500 گەنجی بێ چەكییان لە هەڵاتوانی بنكەی سپایكەر یان ئەوانەی ناو بنكەكە لە سەرباز و ئەفسەر كوشتن، عەرەب بوون؟ .. ئەوانەی خوێن ساردانەتر 700 بەندكراوی بەندیخانەی بادۆشیان كوشتن، هەر عەرەب بوون.. ئێوە چ گرفتێكتان لەگەڵ كوردەكاندا هەیە؟

ئەوانەی مەسیحییەكانیان لە موسڵ و دەشتی نەینەوا كۆچپێكرد و ماڵ و سامانیان حەڵاڵكردن، توركومانەكانی تەلەعفەر و شارەكانی دیكەیان كوشتن و دەربەدەر كردن، هەر عەرەب بوون..ئەوانەی ئێزدییەكانیان كوشتن و دەربەدەریان كرد و ژنەكانیان كردنە كەنیزەك، هەر عەرەب بوون... كەوایە، ئێوە چ گرفتێكتان لەگەڵ كوردەكاندا هەیە؟

ئەوانەی نوێژخوێنانی هەینی مزگەوتی موسعەبی بن عومەیر - یان لە ئیمام وەیس كوشتن، ئەگەر داعش بووبن یان میلیشیاكان، هەر عەرەب بوون.. دەی گرفتی ئێوە لەگەڵ كوردەكاندا چییە؟

ئەوانەی ماوەی دوو مانگ دانیشتوانی ئامرلی توركومانیان گەمارۆدان و هەڕەشەی كوشتنی بە كۆمەڵیان لە دانیشتوانە 10 هەزار كەسییە باڵقبووەكانی دەكرد، هەر عەرەب بوون.. دەی كەوایە كێشەتان لەگەڵ كوردەكان چییە؟

ئەوانەی چەكەكانیان فڕێدا و دەستبەرداری جلوبەرگە سەربازییەكانیان بوون لە موسڵ و تكریت و ڕومادی  و دەیەها شار و شارۆچكەی دیكه و بەنداوی موسڵ و دەشتی نەینەوا، ئەو شوێنانەیان  لەسەر سینییەكی زێڕینی ئەڵماس و پلاتین و یاقوت و گەوهەر، ڕادەستی داعشیان كرد ، بێ ئەوەی تاكە فیشەكێك بتەقێنن، هەر عەرەب بوون...دەی كەوایە كێشەتان چییە لەگەڵ كوردەكان؟

گەورە سەركردە سەربازی و ئەمنییەكانی بەرپرسی كەوتنی موسڵ و شوێنەكانی دیكە و بنكەی سپایكەر و بەندیخانەی بادۆش و بەنداوی موسڵ، هەر عەرەب بوون... دەی كەوایە كێشەتان چییە لەگەڵ كوردەكان؟

ئەوانەی پێشوازیان لەو سەركردانە كرد و لە ئامێزیان گرتن و فەڕشی سووریان بۆ ڕاخستن و لێپرسینەوەیان لێنەكردن، هەر بەلایەنی كەمەوە لەوەی هەڵاتن، هەر عەرەب بوون... دەی كەوایە كێشەتان چییە لەگەڵ كوردەكان؟

ئەوانەی یەكسەر بەرپرسانی پێشمەرگه و بەرپرسە حیزبییەكانیان لەسەر كار لابردن لە شەنگال، چونكە فرمانی كشانەوەیان دابوو و بەرگریان لە شەنگال نەكرد دژ بە داعش، ڕەوانەی لێكۆڵینەوەیان كردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چارەنووسیان، كورد بوون نەك عەرەب... دەی كەوایە، كێشەتان چییە لەگەڵ كوردەكان؟

ئەوانەی لەسەر دوای حكومەت كە سەرۆكەكەی عەرەبییه،‌ هاتنە ناو كەركوكەوە، تاوەكو بیپارێزن و نەكەوێتە دەست داعش، هەر كورد بوون... دەی كەوایە كێشەتان چییە لەگەڵ كوردەكان؟

ئەوانەی پێشوازیان لە ملیونێك دەربەدەر كرد و پەنایاندان، كە زۆرینەیان عەرەب بوون، هی ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی داعش بوون، هەر‌ كورد بوون... دەی كەوایە كێشەتان چییە لەگەڵ كوردەكان؟

ئەوانەی ڕۆژانە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕ و بۆمبە چێنراوەكان دەتەقێننەوە، بە چەكی بێدەنگ و دەنگدار لە بەغدا و 12 شارەكانی دیكەی عێراق دەكوژن و دەبڕن، هەموویان عەرەبن... دەی كەوایە كێشەتان چییە لەگەڵ كوردەكان؟
 
بگەڕێینەوە بۆ مێژوو؟
دەی باشە.. ئەوانەی جەنگی عیراق ئێرانیان هەڵگیرساند، ئینجا كویتیان داگیركرد، جەنگێكی دیكەی دەستەویەخەیان هەڵگیرساند كە تەڕ و ووشكی پێكەوە سوتاند، لە نێوان ئەو دوو جەنگەشدا، كوشتاری بە كۆمەڵیان ئەنجامدا لە ئەنقال و گۆڕی بە كۆمەڵ لە بیابانەكاندا دژ بە كوردەكان، ئینجا گۆڕە بە كۆمەڵەكانیان بۆ عەرەبە شیعەكان هەڵكەندن...ئەمانەش هەر عەرەب بوون.. دەی كەوایە كێشەتان چییە لەگەڵ كوردەكان؟

هەر ڕۆژێك و بۆنەیەكی نیشتمانی و نەتەوەیی شكۆدارتان لە میژوودا، كورد ڕۆڵی تێدا هەبووە.. دەی كەواتە، چ گرفتێكتان لەگەڵ كوردەكاندا هەیە؟

ئەوانەی بۆ دەیەها ساڵ تێكۆشەرەكانی ئێوەیان لە سەردەمی دكتاتۆریەتدا لە ئامێز گرت، ئاسایش و سەلامەتییان بۆ دەستەبەر كردن، نانی سەرخوانیان لەگەڵ بەشكردن، هەندێك لە سەركرده و حزبە‌كانی ئێوەیان ساز و ئامادە كرد كە ببنە سەرۆك و سەرداری ئێستای ووڵات كە دەستیان خستۆتە بینەقاقای بژێوی خەڵكەوە، هەر كوردەكان بوون، دەی كەوایە كێشەتان چییە لەگەڵ كوردەكان؟

ئەگەر بە هەر هۆیەك لە هۆیەكان، گرفتێك یان گرێكوێرەیەكتان هەیە لە بەرامبەر مەسعود بارزانی، جەلال تاڵەبانی، فوئاد مەعصوم، نێچیرڤان بارزانی، كۆسرەت ڕەسوڵ یان فازڵ میرانی یان نەوشیروان مستەفا یان بەرهەم ساڵح یان هۆشیار زێباری، یان هی دیكە.. ئەمە پەیوەندی بە خۆتانەوە هەیە كە خۆشتان ناوین.. چونكە تەنانەت پێغەمبەرانیش جیگەی كۆدەنگی نەبوون.. ئەدی گرفتی ئێوە لەگەڵ كوردەكاندا وەك گەل و نەتەوە چییە، تاوەكو لە پانتایی میدیا و ڕاگەیاندنەكان و جیهانی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەو هەموو ژەهر و ڕقوقینەی نەتەوەییان لەدژ بڕێژن؟

چ گرفتێكتان لەگەڵ كوردەكاندا هەیە، جگە لەوەی تەنها و تەنها خۆتان شۆڤێنین؟

سەرچاوە: ئەلمەدا
نووسین: عەدنان حسین
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە