كۆمپانیای "روس نەفت" پرۆژەیەكی نەوتی گرنگ لە هەرێم جێبەجێدەكات

کوردستان

04/06/2019‌ 875 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیگۆر سیچین سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای "روس نەفت" ی روسی ئاشكرای كرد كە كۆمپانیاكەیان پلان دادەنێت بۆئەوەی لەمساڵدا دەست بە هەڵكەندنی بیری نەوت لە هەرێمی كوردستانی عێراق بكات.

سیچین لەكاتی كۆبوونەوەی ساڵانەی پشكدارەكانی كۆمپانیای رۆس نەفت راشیگەیاند، كۆمپانیاكەمان بەردەوامە لە جێبەجێكردنی پرۆژەكانی پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستانی عێراق ، خواستیشی هەیە لەمساڵدا كۆمەڵێك چالاكی دۆزینەوەی جیۆلۆجی جێبەجێ بكات تا ئەو كاتەی نەوتی لێدەدۆزرێتەوە "

روس نەفت كە یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیا نەوتییەكانی رووسیا و لەنێوان ساڵەكانی ٢٠١٧ -٢٠١٨ كۆمەڵێك ڕێكەوتننامەی لەبواری دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان واژۆ كرد ، لەوانەش دابەشكردنی بەرهەمهینانی نەوت لە پێنج كێڵگە".

چاوەڕێش دەكرێت ٦٧٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لەو پێنج كێڵگەیە هەبێت ، كە روس نەفت خەرجی لێكۆڵینەوە و هەڵكۆڵینی دەگرێتە ئەستۆ، كە دەگاتە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار ، لەبەرانبەردا كۆمپانیاكە ٨٠%ی قازانجەكانی دەست دەكەوێت .

ئەوەش یەكەم ریكەوتننامە نییە كە لەنێوان "روس نەفت" و حكوومەتی هەریمی كوردستان واژۆ كراوە ، بەڵكو كۆمەڵێك ڕێكەوتنی تر  لەبواری دەرهێنانی نەوت و خزمەتگوزارییە لۆجستییەكان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و  بازرگانی ماددەكانی وزە لەنێوان ئەو دوو لایەنە واژۆ كراوە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی