سزا نوێیەكانی ئەمریكا سوپای پاسدارانی ئێران دەخنكێنێت

sharpress.net

1540 جار خوێندراوه‌ته‌وه

08/06/2019‌

شارپرێس:
چەند ڕۆژێك پێش سەردانەكەی "شینزۆ ئابی" سەرۆك وەزیرانی یابان بۆ تاران، كە بە مەبەستی  نێوانگیری نێوان ئەمریكاو ئێران سەردانەكەی ئەنجام دەدات، لەو لاشەوە نەرمییەك لە هەڵوێستی ئێراندا بەدی دەكرێت، كەچی لە لاكەی دیكەوە، دوێنی ئێوارە واشنتۆن سزای تازەی بەسەر ئێراندا سەپاندن كە ئەمجارەیان بە شێوەیەكی سەرەكی پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی بە ئامانج گرتووە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ڕایگەیاند، سزا تازەكان گەورەترین كۆمپانیای پتڕۆكیمیاویەكانی سەر بە پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی و 39 كۆمپانیای دیكەی پاشكۆی خۆی  و بریكارە فرۆشیارەكانی بە ئامانج دەگرێت. 

وەزارەتی ناوبراو رایگەیاند، كۆمەڵەی پترۆكیمیاوییەكان پشتیوانی دارایی پێشكەش بە كۆمپانیای "خاتەم ئەلئەنبیا" دەكات كە كۆمەڵەیەكی ئەندازەیی سەر بە پاسەوانی شۆڕشە. سزاكان 39 كۆمپانیای  پترۆكیماوی دیكەی پاشكۆی  كۆمپانیاكە سەرەكییەش دەگرێتەوە كە 40% تێكڕای ووزەی بەرهەمێهنانی  پتڕۆكیمیاوییەكانی ئێران بەرهەم دێنێت، بەرپرسیشە لە 50% ی تێكڕای هەناردە پتڕۆكیمیاوییەكانی ئێران.

هەروەها "ستیڤن منشن" ی وەزیری گەنجینەی ئەمریكا وتی "لە ڕێگەی بە ئامانجگرتنی ئەو تۆڕە  لە كۆمپانیا پتڕۆكیمیاوییەكان، ڕێگەی لە پارەداركردنی ئەو كۆمپانیا سەرەكییە پتڕۆكیمیاوییە ئێرانییە دەگرین كە پشتیوانی پێشكەش بە پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی دەكات".

دوینی ئێران پێشنیارێكی فەڕەنسی ڕەتكردەوە بۆ دانوستان بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێككەوتننامەیەكی سەراپاگیرتر لە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران كە ئەمریكاا لێی كشایەوە. 

لەسەریكی دیكەوە، عەباس موسەوی قسەكەری وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش هۆشداری ئەوەیدا" خستنەڕووی پێشنیارێك كە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران تێپەڕێنێت، یارمەتیدەر نابێت لە ڕزگاركردنی ڕێككەوتننامەكە، بەڵكو لە بری ئەوە، بێمتمانەی نێوان هەردوولا زیاتر دەكات".

سەرچاوە: شەڕقولئەوست 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر







ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved