بارزانى ڤیتۆى لەسەر چەند سەرکردەیەکى یەکێتى هەیە
پارتى بۆ یەکێتى: تا دواى مەراسیمى سوێندخواردنى سەرۆکى هەرێم کاتمان نییە لەسەر کەرکوک گفتوگۆ بکەین

کوردستان

08/06/2019‌ 23986 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتى دیموکراتى کوردستان یەکێتى ئاگادار دەکاتەوە کە تا دواى مەراسیمى سوێندخواردنى سەرۆکى هەرێم کاتی ئەوەیان نییە گفتوگۆ لەسەر پرسى کەرکوک بکەن.

 

بەپێى زانیارییەکانى شارپرێس کە لەسەرچاوەیەکەوە دەستیکەوتووە پارتى لەرێگاى نوێنەرى تایبەتى خۆیەوە یەکێتى نیشتیمانى کوردستانى ئاگادار کردوەتەوە" بەشداریکردن لە مەراسیمى سوێندخواردنى نێچیرڤان بارزانى وەک سەرۆکى هەرێم بابەتى گفتوگۆکردن نییە".

 

پارتى بە یەکێتى راگەیاندوە"ئەگەر سەردانى شاندەکەتان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسى کەرکوکە ئەوا کاتمان نییە تا دواى مەراسیمى سوێندخواردنى سەرۆکى هەرێم، ئەگەر بۆ دیدەنیش سەردان دەکەن بەخێر بێن".

 

بەپێى زانیارییەکان بەهۆى ئەو وەڵامەى پارتییەوە کۆبوونەوەى سبەینێی شاندى پارتى و یەکێتى ئەنجام نادرێت.

 

بەشێک لە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە پارتى بە ئەنقەست نایەویت دەرگا بەرووى یەکیتیدا بکاتەوە، چونکە مەسعود بارزانى ڤیتۆى لەسەر بەشداریکردنى چەند سەرکردەیەکى یەکێتى هەیەو رایگەیاندوە، ئەگەر ئەو سەرکردانەى یەکێتى بەشدارى مەراسیمەکە بکەن ئەوا ئەو بەشدارى ناکات.

 

بڕیار بوو سبەینێ کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى لەسەر پرسى کەرکوک و بەشداریکردن لە مەراسیمى سوێندخواردنى نێچیرڤان بارزانى بەرێوەبچێت و ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە.

 

هەروەها بڕیاریشە رۆژى ١٠ى ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانى لە مەراسیمێکدا لە هۆڵى سەعد عەبدوڵا سوێندى یاسایی بخوات و لە هەمان کاتدا مەسرور بارزانى بۆ پێکهێنانى حکومەت رابسپێرێت.

 

س.هـ