دەبێت هەولێر 250 هەزار بەرمیل رادەست بكات
پەرلەمانی عێراق حكومەت پابەند دەكات بەجێبەجێكردنی بەندەكانی بودجەی گشتی تایبەت بەهەرێم

عیراق

09/06/2019‌ 1548 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی دارایی و وەبەرهێنان داوای لە حكوومەتی ناوەندی دەكات هەموو ئەو بڕگانەی بودجە، كە پەیوەستن بەهەرێمی كوردستانەوە وەك خۆی جێبەجێیان بكات ، ئاماژەش بۆ ئەوە دەكەن ناكرێت داهاتی پارێزگاكانی تری عێراق بێبەرانبەر بۆ هەرێمی كوردستان بچێت.

نەدا شاكر جەودەت ئەندامی لیژنەكە لەلێدوانێكیدا بۆ پێگەی "مەعلوومە" دەڵێت: بودجەی ئەمساڵ ڕێكەوتنێكی فەرمی لەنێوان هەرێم و بەغدا لەخۆگرتووە بەوەی لەبەرانبەر رادەستكردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان بەكۆمپانیای سۆمۆ ، حكوومەتی بەغداش مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دەدات ".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەشڵێت: حكومەتی ناوەندی پابەندییەكانی خۆی بەپێی یاسای بودجە بەجێگەیاندووە ، بەڵام هەولێر خۆی لەجێبەجێكردنی بەرپرسیارییەتییەكانی بێدەنگ كردووە ، ئەوە لەكاتێكدا بەجیا لە بەغدا رۆژانە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت.

جەودەت ئەوەش دەڵێت: حكومەتی ناوەندی پابەندە بەوەی بەندەكانی یاسای بودجە وەك خۆی جێبەجێبكات و ڕێگە نەدات پارەی تەرخانكراو بۆ پارێزگاكانی باشوور و ناوەرستی وڵات بۆ هەرێمی كوردستان بچێت، كە ئامادە نییە ئەوەی لەیەستۆیەتی جێبەجێیی بكات ، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش لای خۆیانەوە باجی ئەو سیاسەتەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەدەن بەوەی ئامادە نییە برگەكانی بودجە جێبەجێ بكات .

بەپێی یاسای بودجەی عێراق دەبێت هەولێر رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بكات، ئەوكات حكومەتی ناوەندی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان‌و موچەی فەرمانبەران دەنێرێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی