تاقیكردنەوەی ئەزموونێكی شكستخواردوو
كارتی دووەمی بنەماڵەی بارزانی لەسەرۆكایەتی هەرێم

کوردستان

11/06/2019‌ 2905 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێچیرڤان ئیدریس بارزانی خاوەنی زۆرترین شانسە لەناو سیاسییەكانی كورددا، كە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی كوردی وەرگرتبێت، بەڵام ئەو شانسە پڕی بووە لەهەوراز‌و نشێوی، كە بەشێكی پەیوەندی بەسیاسەتەكانی ئەو ‌و بەشی زۆری پەیوەندی بەجۆری سیستم‌و حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان هەیە.

لەئێستاشدا دوای تاقیكردنەوەی ئەزموونێكی زۆر لەسەرۆكایەتی حكومەت، كە چاودێران بەئەزموونێكی شكستخواردووی دەزانن، جارێكی تر لەرێگەیەكی نوێ‌-وە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنی لەهەرێمی كوردستان وەرگرت، ئەویش پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە.

نێچیرڤان بارزانی مانگی رابردوو لەلایەن پەرلەمانەوە بەسەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێراو رۆژی دوو شەممە بەخواردنی سوێندی یاسایی، بەفەرمی بووە سەرۆكی هەرێم‌و دەستبەكاربوو، كە ئەوە دووەم نەوەی بنەماڵەی بارزانییەكانە لەسەرۆكایەتی هەرێم، ئەویش دوای مەسعود بارزانی، كە لە 2005 بۆ 2017 سەرۆكی هەرێم بوو.

سیاسەتەكانی نێچیرڤان بارزانی وەك چۆن شكستی تێدایە ئاواش خاوەنی دەسكەوت‌و سەركەوتنە، بەڵام بەهەڵسەنگاندنێكی خێرای ئەو سیاسەت‌و حوكمڕانییە لە 20 ساڵی رابردوویدا، دەردەكەوێت شكستەكانی زۆر زیاترن لەسەركەوتنەكانی. 

ئەو دەیەوێت لەناو سیستم‌و حوكمڕانییەكی تەواو حیزبیی‌و تەقلیدی، حكومەتێكی مۆدێرن‌و دەوڵەمەند بەپارەی نەوت دروست بكات ئەمەیش ئەو هەنگاوەیە، كە كورد پێیدەڵێت ئاش لەخەیاڵێك‌و ئاشەوانیش لەخەیاڵێكی دیكە.

نێچیرڤان بارزانی‌و ئەزموونی بەرپرسیارییەتی
نێچیرڤان بارزانی كەسایەتی سیاسی كوردو پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئێستا بۆ جاری چوارەم سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە‌و لەهەمانكاتدا جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش. 

نێچیرڤان ساڵی ١٩٦٦ لەدایكبووە، كاتێك ساڵی ١٩٧٥ عێراق‌و ئێران لەجەزائیر لەدژی شۆڕشی كوردستان (شۆڕشی ئەیلول) رێككەوتن‌و مەلا مستەفای بارزانی خەباتی چەكداریی راوەستاند، ئەو دەمە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بنەماڵەكەی ئاوارەی ئێران بوون‌و لەوێ لەزانكۆی تاران، زانستە سیاسییەكانی دەخوێند. 

ئیدریس بارزانی باوكی نێچیرڤان بارزانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو‌‌ و رۆڵێكی دیاری هەبوو لەناو تەڤگەری رزگاریخوازیی كوردستاندا، هەر لەمنداڵییەوە ‌لەناو ریزەكانی شۆڕشدا‌ بوو‌‌و لەتەك پێشمەرگەكان بوو، كاتێك ئیدریس بارزانی كۆچی دواییكرد، نێچیرڤان بارزانی ناچار بوو بنەماڵەكەی بەجێبهێڵێ‌‌و بەشداری لەشۆڕ‌ش‌و بەرخودانی چەكدارییدا بكات‌. 

ئەو زوو لەناو ریزەكانی پێشمەرگە‌و شۆڕشدا‌ پێشكەوت‌و بەرپرسیارێتی درایە، كاتێ ساڵی ١٩٨٩ بوو بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمە بەیەكەم ئەزموون دادەنرێت بۆ وەرگرتی بەرپرسیارێتی لەژیانی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی خۆیدا كە ئەوكات تەمەنی 23 ساڵان بووە. 

نێچیرڤان بارزانی ساڵی ١٩٩٦ بووە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەئیدارەی هەولێرو ساڵی ١٩٩٩ بووە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (كابینەی چوار) هەر لەئیدارەی هەولێر لەو كاتەوە تائێستا بێجگە لەساڵی 2010 تا 2012 بەردەوام سەرۆكی حكومەتی هەرێم بووە. 

ئەزموونی راستەقینەی نێچیرڤان
نێچیرڤان بارزانی رۆژی ٧ی ئایاری ٢٠٠٦ بووە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان (كابینەی یەكگرتنەوە- پێنجەم) ئەمەش دوای دابەشبوونی حكومەتی هەرێم بۆ دوو ئیدارە، دواتر ساڵی 2009 دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی حكومەت بوو، بۆ بەرهەم ساڵح، ساڵی 2012 جارێكی تر بووەوە بەسەرۆكی حكومەت لەكابینەی حەوتەم‌و ماوەی دووساڵ سەرۆكایەتی حكومەتی كرد، پاشان ساڵی 2013 لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدكرایەوە بۆ سەرۆكایەتی حكومەت‌و لەساڵی 2014 سەرۆكایەتی حكومەتی لەكابینەی هەشتەم وەرگرتەوە.

نێچیرڤان بارزانی زۆرترین ماوە سەرۆك حكومەت، یان سەرۆك وەزیرانی حكومەتەكانی هەرێمی كوردستان بووە، بەوەی سەرەتا لەساڵی ١٩٩٦ بووە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئینجا لە٢٠ی كانوونی یەكەمی ١٩٩٩ تاكو ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٠٥ سەرۆك وەزیرانی حكومەتی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، ٧ی ئایاری ٢٠٠٦ بووە سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان (كابینەی یەكگرتنەوە).

نێچیرڤان ساڵی ٢٠٠٦ تاكو ٢٠٠٩ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، كە بەحكومەتی یەگرتنەوە دەناسرێت، دواتر لەشوباتی ٢٠١٢ ئەو پۆستە دووبارە دەدرێتەوە بە پارتی دیموكراتی كوردستان‌و دووبارە نێچیرڤان بارزانی دەكرێتەوە سەرۆك وەزیران ئەمەش تاكو ئەیلوولی ٢٠١٣ بەردەوامبوو، لەهەڵبژاردنەكانی ئەیلوولی ٢٠١٣ دووبارە پارتی لەهەڵبژاردنەكەدا زۆرینەی بە دەستهێناو نێچیرڤان بارزانیش بۆ جارێكی دی كرایەوە سەرۆك وەزیران.

بەپێی ئەو دابەشكارییە بێ، نێچیرڤان بارزانی نزیكەی 20 ساڵ جێگر، یان سەرۆكی حكومەت بووە، چ لەئیدارەی هەولێر، چ لەحكومەتی هەرێمی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەك چوار ساڵ لەئیدارەی هەولێر جێگری سەرۆك حكومەت بووە، دواتر شەش ساڵ لەئیداری هەولێر سەرۆكی حكومەت بووە هەر لەو ئیدارەیە، ئێستاش زیاتر لە 13 ساڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە لەئیدارەی یەكگرتوو.

نێچیرڤان بارزانی، كە جێگر، یان سەرۆكی حكومەت بووە، زۆرترین گەندەڵی سیاسیی‌و ئابووریی‌و سەربازیی لەدامودەزگا حكومییەكاندا كراوە، زۆرترین پارە بەهەدەر دراوە لەسامانی گشتی، كە ئێستا رۆژانە دەیان بەڵگە لەو بوارانە ئاشكرادەبن. لێرەدا ئەوەی پێویستە بوترێ، لەو فرسەتەی بەنێچیرڤان دراوە، كەسێكی سەركەوتوو بووە، یان شكستخواردوو؟

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەوەی زۆرترین دەرفەتی هەبووە لەئیدارەدانی هەرێمی كوردستان، زۆرترین شكستی هەبووە، بەتایبەتی لەكابینەی هەشتەم، بەشێوەیەك هەرێمی كوردستانی گەیاندە لێواری لەناوچوون بەتایبەتی لەرووی ئابوورییەوە، نەك دەستی لەكارنەكێشایەوە، بەڵكو ئێستا خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندید كردووەو زۆرترین هەوڵیش دەدات بۆ ئەوەی دەسەڵاتی زۆری هەبێت‌و لەكابینەی نۆیەمیش دەسەڵاتی بمێنێتەوە.

بەپێی داتاكان حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی ساڵی 2005 تا ساڵی 2013 لەلایەن بەغدادەوە زیاتر لە100 ملیار دۆلاری چنگ كەوتووە، بەڵام ئەو بڕە پارەیە كە بودجەی ساڵانەی هەرێم بووە بەبڕی جیاوازو لەبودجەی چەندین وڵاتی جیهان زیاتر بووە، تەنیا تەخشان‌و پەخشان كراوە بەسەر حزب‌و كەسایەتییە سیاسییەكاندا، ئەمە بەوتەی شارەزایانی ئابووریی، كە ئەوە لەژێر دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانی كراوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی ئەو ساڵانەدا‌و بەو بڕە پارە زۆرە، نەك تەنیا نەیتوانیوە هیچ پاشەكەوتێك بكات تەنانەت هیچ پرۆژەیەكی ستراتیژیی ئەوتۆی لەبواری وەبەرهێنان ئەنجامنەداوە كە بتوانرێ لەقەیرانێكی وەكو ئێستا سوودی لێوەربگیرێ‌و بەشێك لەكێشە داراییەكانی پێ چارەسەر بكرێت، هەموو ئەمانەش بۆ شكستی ئەزموونی نێچیرڤان بارزانی لەئیدارەدانی هەرێم دەگەڕێتەوە.

یەكێك لەو بوارانەی لەماوەی حوكمداریی نێچیرڤاندا شانازیی پێوە دەكرێ لەلایەن دۆستەكانییەوە، سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستانە كە خودی نێچیرڤان بارزانیش لەچەندین بۆنەدا شانازی پێوەكردووەو باسی لەوە كردووە كە ئەوان لەرێی نەوتەوە كار بۆ ئابوورییەكی سەربەخۆ دەكەن‌، بەڵام پێچەوانەی ئەو شارەزایانی بواری ئابووریی پێیانوایە سیاسەتی نەوتی هەرێم هەڵە ئاڕاستەكراوەو نەتوانراوە بچێتە خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوەو تەنانەت هەرێمی كوردستانی بەرەو قەیرانی دارایی گەورە بردووە.