دانوستانی نهێنی لەنێوان ئەمریكاو ئێران بەسەرپەرشتی عێراق لەئارادایە

عیراق

12/06/2019‌ 693 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەیەكی ئەلەكترۆنی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، گوایە دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە پشت پەردەوە بەڕێوە دەچن، ئەمەش بەو ئامانجەی هەردوولا بگەنە ڕێككەوتنێك. 

پێگە ئەلەكترۆنییە هەواڵییە ئیسڕائیلییەكە "نتسیف نیت"، بانگەشەی ئەوەشی كردووە عێراق  بازنە پەیوەنییە گرنگ و سەرەكییەكەی نێوان هەردوولایە، تاوەكو تاران و واشنتۆن بگەنە ڕێككەوتنێك.

پێگە ئەلەكترۆنییەكە پێشیوایە، بە گوێرەی ڕێككەوتنەكەی نێوان تاران و واشنتۆن، واشنتۆن ڕێگە بە ئێران دەدات  لە ڕێگەی عێراقەوە كاڵا و كەلوپەلەكان بكرێت، واتە پارەی نەوتی فرۆشراوی ئێران، ڕاستەوخۆ لە عێراقەوە یان لە دەوڵەتانی كڕیاری نەوتەكەوە بۆ تاران ناگەڕێتەوە.

پێگە ئیسڕائیلییەكە لەسەر زاری سەرچاوە عێراقییەكانەوە ئەوەشی بڵاویكردەوە، بە هۆی ڕێككەنەكەوتن لەسەر چەند خاڵێك،هێشتا دانوستانەكان تەواو نەبوون، ڕێككەوتنەكە لە قۆناغی سەرەتاییدایە، بە گوێرەی رێككەوتنەكەش واشنتۆن جڵەوگیری ئەو بڕە نەوتییە ئێرانییە دەكات كە هەناردەی دەرەوە دەكرێت، جڵەوگیری ئەو كاڵا و كەلوپەلانەش دەكات، كە ئێران هاوردەیان دەكات، واتە ئێران بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ پارەی نەوتە فرۆشراوەكەی خۆی بەدەست ناگات".

پێگە ئەلەكترۆنییەكە ئیسڕائیلییەكە باسی لەوەش كردووە، كە "ئێران پێشنیاری ئەوەی كردووە یەكێك لە دەوڵەتە ئەوروپییەكان ڕاستەوخۆ نەوتەكەی لی بكڕێت، بەڵام واشنتۆن ئەو پێشنیارەی ڕەتكردۆتەوە".

هاوكات پێگە ئەلەكترۆنییەكە بڵاویكردەوە، ئەو ڕێككەوتنە سەرەتاییە یان ئەو پێشنیارە، لەسەر بنەمای نەوت بەرامبەر خۆراك بەندە، كە لە ڕێككەوتنەكەی عێراقی ساڵی 1995 دەچێت، كاتێك سزاكان بەسەر عێراقدا سەپان، دوای ئەوەی كوێتی داگیر كرد.

باسی لەوەش كردووە، پێشنیارێك هەیە بۆ كردنەوەی ژمێرەیەكی بانكی بۆ ئێران لە عێراقدا كە پارەی فرۆشراوی نەوتی تێدا دابنرێت، ڕێككەوتنەكەی نێوان ئێران و ئەمریكاش ، لەسەر ئەم پێشنیارە بەندە.

وەرگێران: لوقمان حاجی قادر