پەیوەندى بەناوخۆى هەرێم و بەغداوە هەیە
بەرهەم ساڵح دوو دەستپێشخەری دەخاتە بەردەم لایەنەكانى هەرێمى کوردستان

sharpress.net

4388 جار خوێندراوه‌ته‌وه

12/06/2019‌

شارپرێس:

هاتنی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمى كوردستان بە گرنگ وەسف دەكرێت و ڕادەگەیەندرێت كە هاوكاریی چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و هاوكات كێشەكانی هەرێم و بەغدا دەكات.

 

هەفتەنامەى ئاژانس لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە، سەرۆک کۆمارى عێراق دوو پڕۆژەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە بۆ هەرێمى کوردستان بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشەکانى ناوخۆى هەرێم و هاوکات هەرێم و بەغداش.

دوای زیاتر لە هەشت مانگ لە ساردی و ناكۆكیی نێوان سەرۆككۆمار و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق بە بانگهێشتی ڕەسمی سەردانی هەولێری كرد بۆ بەشداریكردن لە سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێم، هاوكات بەرهەم ساڵح لە لایەن بەرپرسانی باڵای پارتییەوە پێشوازیی لێ كرا.

حەسەن جیهاد، ڕاوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق، بە هەفتەنامەکەى ڕاگەیاندوە، سەردانەكەی سەرۆككۆمار دەوری گرنگ دەبینێت لە باشتركردنی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و بۆ ناوخۆی هەرێمیش كاریگەریی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

وتیشی: ״پڕۆژەیەك هەیە لە لایەن سەرۆككۆمارەوە كە ئەم كابینە حكومییەی بڕیار وایە له ‌هەرێم بەم نزیكانە درووست بكرێت وەفدێك بنێرێتە بەغدا تا كێشەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا بە تەواوی و لە ڕیشەوە چارەسەر بكرێن.״

بە پێی زانیارییەكانی هەفتەنامەکە بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق دوو پڕۆژەی پێیە، پڕۆژەیەك بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان و بە تایبەت چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان یەكێتیی و پارتی، پڕۆژەیەكیش بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و ناوەند.

هاوکات سالار مەحمود، ڕاوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق رایگەیاندوە، ״بانگهێشتی فەرمیی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێم گەیشت بە سەرۆككۆمار، لەو ڕوانگەیەوە سەرۆككۆمار بەشداریی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم بوو و هیواداریشین ئەمە ببیێتە قۆناغێكی تازە لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیی و پارتی.״

هەر ئاماژە بەوەشکراوە، ڕۆژی دووشەممە تا درەنگانی شەو بەرهەم ساڵح لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەروەها بەرپرسانی یەكێتیی و پارتیدا لە گفتوگۆدا بووە تا سەبارەت بە كێشەكانی هەرێم و هاوكات كێشەكانی هەرێم و ناوەند بگەنە چارەسەر و بەرچاوڕوونی سەبارەت بە پڕۆژەكانیشی خستووەتە بەردەم ئەو لایەنانە.

پێشەوا هەورامانی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بۆ  هەفتەنامەکەى وتووە،״سەردانیكردنی سەرۆككۆماری عێراق بەرهەم ساڵح گرنگە كە پێشتر ساردییەك هەبووە لە نێوان یەكێتیی و پارتی و كاریگەریی خۆی هەیە بۆ كاڵبوونەوەی ئەو بارگرژییە.״

 

س.هـ






ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved