عەبدولباست ئەلساروت "بولبوولی شۆڕش" و "چێ گیڤارا"ی سوریا

جیهان

13/06/2019‌ 1415 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ژیاننامە و بەسەرھاتی عەبدولباست ئەلساروت ھاوشێوەی چیرۆكی ھەشتساڵەی سوریایە، چیرۆكی ژیاننامەی ئەو لەگەڵ سەربردەی ھێزە چەكدارەكان و ھاووڵاتیانی بێچەكیی دژ بە حكومەتی سوریا، جیاوازی ھەیە.

چیرۆكی عەبدولباست ئەلساروت ھەڵھێنجراو و ھەڵقووڵاوی تەواوی «پێشھات و رووداوەكان»ی سوریایە؛ ھەر لەناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەكانەوە بیگرە تا دەگات بە رووبەڕووبوونەوە چەكدارییەكان. 

ئەو ئەزموونی ناڕەزایەتییەكان، گەمارۆدان، ئاوارەیی و ھەژاری لەھەموو كون و قوژبنێكی وڵاتەكەیدا كرد؛ لە حمصی «پایتەختی شۆرش»ەوە بیگرە تاوەكووە ئیدلیبی «دواپێگەی ئۆپۆزیسیۆن».

ئەلساروت بەر لە دەستپێكردنی شۆرشی سوریا لە ساڵی ٢٠١١، گۆڵچی ھەڵبژاردەی میللیی تۆپیپێی لاوانی سوریا و گۆڵچی ھەڵبژاردەی «ئەلكەڕامە»ی حمص بوو و ھەر لەبەر ئەمەش بوو، كە نازناوی «پاسەوانی شۆرش»یان پێدا بوو. ئەو لە ریزی پێشەوەی ئەو كەسانە بوو، كە پەیوەندیان بە ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەكانەوە ھەبوو و پاشان وەك رێكخەر و رابەری ناڕەزایەتییەكان دەركەوت.

ناوبراو ھەم ھاوبەش و ھەمیش ھەماھەنگكار و رێكخەری ناڕەزایەتییەكان بوو و دواتر ئەركی رابەرایەتیكردنی ناڕەزایەتییەكانی گرتەدەست. ئەو سترانی بۆ شۆرشی سوریا دەچڕی و نازناوی «سترانبێژی شۆڕش» یان «بولبوولی شۆڕش»ی پێدرابوو. ئەلساروت لە ریزی پێشەوەی ئەو كەسانە بوو، كە پەیوەستبوون بە كردەوە چەكداریی و جەنگییەكانەوە. كاتێك ناڕەزایەتییەكانی سوریا پێینایە نێو قۆناغی زەبروزەنگ و توندووتیژییەوە، ئیدی ئەلساروت چەكی كردە شان و لە بەرەكانی شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەپاڵ ھێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا لە حمص جەنگا.

گەمارۆدانی حمص دوو ساڵ و نیوی خایاند و ھێزەكانی حكومەت لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤دا چوونە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەرھەڵستكارانەوە لە پایتەختی شۆرش. ئەلساروت-یش لەپاڵ ھێزەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئیدلیب گوێزرایەوە. بە ئیدلیب-یان دەگوت «سوریای بچووك»، چونكە تەواوی ھێز و گروپەكانی ئۆپۆزسیۆن لە ھەموو بەشەكانی سوریاوە بۆ ئیدلیب گواستیانەوە.

ئەلساروت سەرەتا پەیوەندی بە گروپە ئیسلامییەكان و پاشانیش گروپە میانڕەوەكانەوە كرد. بەگوتەی یەكێك لە فەرماندەكانی «سوپای ئەلعزە» مەحموود ئەلمەحموود، ئەلساروت وەك یەكێك لە «ھێماكانی شۆڕش» دەركەوت. ئەلمەحموود لەبارەی ئەلساروت-ەوە دەڵێت: (لاوێكی ئاكارجوان و جەنگاوەرێكی بەورە و بەئیرادەی شۆڕش بوو، كە ھەمیشە ورە و خۆڕاگریی بە ھەڤاڵەكانی دەبەخشی). ئەلساروت ھەم رابەرایەتیی خۆپیشاندانە جەماوەرییەكان و ھەمیش لەپێشەوەی بەرەكانی شەڕ و رووبەڕووبوونەوە بوو لە باكووری حەما. ناوبراو لە ریزی یەكەمینی ئەو كەسانە بوو، كە دوابەدوای ھێرشەكانی ئۆپۆزسیۆنەكانی باكووری حەما رۆژی پێنجشەممە چوونە نێو گوندی «تەل مەلح»ەوە.

ئەلساروت-یش ھەروەكوو تەواوی رێبەرانی گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا لەناویشیاندا عەبدولقادر ساڵح-ی (فەرماندەی لەشكری یەكگرتوو) یان زەھران عەلووش-ی (فەرماندەی سوپای ئیسلام) كوژرا. ساڵح و عەلووش ھەردووكیان لە ھێرشێكی ئاسمانیی لە حەلەب و غوتتەی دیمەشق كوژران. 

ئەلساروت بە درووشم، ستران و بەشداریی كارای لە ناڕەزایەتییەكاندا، بووە ھێمای شۆڕش. ئەویش بووە ھاوخەم و ھاودەردی دە ھەزار كەس لە ھاوڵاتیانی وڵاتەكەی، كە دایك و باوك و كەسوكارەكانی خۆیان لەدەستدا بوو.

باوك و چوار لە براكانی ئەلساروت لە رووبەڕووبوونەوەكان و بۆردوومانكردنی حمص-دا كوژرا بوون. ئەویش وەكوو ملیۆنان كەس لە ھاوڵاتیانی وڵاتەكەی گەمارۆی خواردن و خواردنەوە، ئاوارەیی، دەربەدەریی و ھەژاریی چەشت.

ئەلساروت بووە پاڵەوانی یەكێك لە فیلمەكان، كە لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن تەڵاڵ دیركی كاری دەرھێنانی بۆ كرابوو و  باسی لە چیرۆكی دوو لاوی حمص-ی دەكرد، كە یەكێكیان ئەلساروت بوو.

ئەلبوومی سترانە بەناوبانگەكانی ئەلساروت، كە لە سەروبەندی ناڕەزایەتییەكانی ساڵی ٢٠١٢ دا ھەڕمێنیان پەیداكردبوو، وەشێنران. وێنەكانی ئەو لەسەر پوول و مۆرەكانی ساڵی ٢٠١٢ ھەڵكەنران. ئەم پووڵانە لەلایەن بەرھەڵستكارانەوە بۆ تۆماركردنی رووداوەكانی شۆڕش نەخشێنرابوون.  ھاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگوباسی مردنی ئەلساروت، ئەوا لایەنگرانی رژێمی سوریا كردیانە جەژن و شایی و ناوبراویان بە(تیرۆریست) لەقەڵەم دا. لەلایەكی دیكەوە نەیارانی رژێمیش بەناردنی پەیامی پرسە و ھاوخەمیی، نازناوگەلێكی بێشوماریان پێبەخشی، كە دوایەمینیان نازناوی (چێ گیڤارای سوریا) بوو.

وەرگێڕان: كاریز قادر حەمە ساڵح