لەساڵیادی كۆمەڵكوژی سپایكەردا.. ئەو وردەكاریانەی تا ئێستا ئاشكرانەكراون

عیراق

13/06/2019‌ 1724 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێنج ساڵ بەسەر كۆمەڵكوژی سپایكەردا تێپەڕ دەبێت، لەگەڵ ئەوەی پرۆسەی گەڕان و پشكنین بەردەوامە كەچی چارەنووسی دەیان كەس دیار نییە، ئەمە جگە لە هەبوونی دەیان لاشەی بێ ناسنامە.

بە گوێرەی ژمارەكانی وەزارەتی تەندروستی، 1174 لاشە لە 17 گۆڕی بە كۆمەڵدا لە نێو كۆشكەكانی سەرۆكایەتیدا لە تكریت دۆزراونەتەوە، 63 لاشە لە رووباری سامەرا دەرهێنراون و راستەوخۆ رادەستی فەرمانگەی پزیشكی دادوەری كراون، و دوای ئەوەی پشكنینی بەراوردكارییان بۆكراوە و نوسراونەتەوە، بەم شێوەیە ژمارەی كۆتایی كە لەلایەن وەزارەتی بەرگریەوە بە فەرمی راگەیانراوە بۆ لاشە دۆزراوەكان 1237 كەسن.

ژمارەی بێ سەرو شوێنەكان لە سەرچاوەی تایبەتەوە
كۆتا زانیاریەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ژمارەی گشتی قوربانیانی سپایكەر 1972 كەسە، دەكرێ بۆ چەند بەشێك دابەش بكرێن بەگوێرەی چارەنوسیان بەم شێوەیەی لای خوارەوە:

734 لاشە رادەستی كەس و كاریان كراوە.

503 لاشەیان لە ژێر پشكنین و وردبینین لە فەرمانگەی پزیشكی دادوەریی
735 لاشەیان تاكو ئێستا بێ سەرو شوێنن، بە شێوەیەك پرۆسەی گەڕان تا ئێستا هیچ پاشماوەیەكی ئەوانی نەدۆزیەوەتەوە.

موچەی بێ سەرو شوێنەكان
یاسای سەرپەرشتی نەوجەوانان ژمارە 78 ی ساڵی 1980 ئاماژە بۆ ئەوە دەكات سیفەتی بێ سەروشوێن دەبێتە شەهید دوای تێپەڕینی چوار ساڵ بەسەر ونبونیدا، مووچەی بێ سەروشوێنان بەكەس وكاری دەدرێت بەتەواوەتی بۆ ماوەی ئەو چوار ساڵە.

یاساكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، وەزیری بەرگری بەرپرسە لە راگەیاندنی مردنی بێ سەروشوێنەكان بە نیسبەت هێزە چەكدارەكانەوە، ودوای بڵاوبونەوەی راگەیاندنەكە سیفەتی بێ شەروشوێنەكان دەبێتە شەهید، و مووچەكەیان دەبێتە خانەنشینی.

بەڵام دوای تێپەرنی پێنج ساڵ بەسەر لەدەستدانی 735 قوربانی سپایكەردا، كەس و كاریان بەدەست وەستاندنی مووچەكانیانەوە دەناڵێنن تا ئەو كاتەی سیفەتی گۆڕینەكەیان لە بێ سەروشوێنەوە دەبێتە شەهید، لە نێوان وەزارەتی بەرگری و دەستەی خانەنشینی نیشتمانی و دادگاكاندا، بەلام دەستەی خانەنشینی پەیمانی ئەوەی داوە مووچەیەك بۆ كەس و كاریان خەرج بكات وەك هاوكاریەكی مرۆیی ، تا ئەو كاتەی مامەڵەكانیان تەواو دەكەن. ئەنجومەنی دادوەری باڵا ئاگاداری دادگا كەسیەكانی كردۆتەوە لە بەغدا و پارێزگاكان بۆ ڕایی كردنی ئەو مامەڵانە، بە مەرجێك وەزارەتی بەرگری بە شێوەیەكی فەرمی رووداوەكە و قوربانیەكان رابگەیەنێت بە لیستی ناوەكانەوە، بەلام تا ئێستا وەزارەت ناوەكانی پێشكەش نەكردوە.

ئەنجومەنی وەزیران ژمارەیەك بڕیارو رێنماییە دەربارەی قوربانیەكان دەكردوە و زۆربەیان جێبەجێنەكراون، لە نێویاندا پێدانی پارچە زەوی لە گۆڕستانی نەجەف بۆ ناشتنیان، و رێكخستنی ناشتنەكەیان بە شێوەیە فەرمی و جەماوەری، لە بەغدادوە دەست پێبكات و بە بابل و كەربەلادا تێپەڕ ببێت تا دەگاتە نەجەف، بەلام سەرۆك وەزیران پاشگەز بوەوەو بریاری خەرجكردنی 10 ملیۆن دیناریدا بۆ هەر خێزانێك، كەچی ئەم بڕیارەش جێبەجێ نەكراوە!

خێزانی قوربانیەكان چاوەڕوانی پەسەند كردنی یاسای شەهیدەكانی سپایكەرن لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە كە لەلایەن سەرۆك كۆمار بەرهەم صالحەوە پێشكەش كراوە، كەچی تا ئێستا لە خوێندنەوەو هەمواركردنەوەدایە.

15 ملیار دینار 
چەندین نوسراوی فەرمی ئەوە دەردەخەن وەزارەتی بەرگری و هەندێ لایەنی تر داوایان لە وەزارەتی دارایی كردوە 15 ملیار تەرخان بكات بۆ كەس و كاری قوربانیەكان، بە گوێرەی نوسراوی وەزارەتی بەرگری داوای لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كردوە فەرمان بە وەزارەتی دارایی بكات بە خەرج كردنی ئەو بڕە پارەیە، دوای ئەوەی دارایی داوای لێبوردنی كردیو، هەروەها نوسراوەكانی تریش داوای هەمان بابەتیان كردوە لەلایەن : دەستەی حەشدی شەعبی، هاوپەیمانی نیشتمانی، فەرمانگەی رێكخستنی حكومی و كاروباری هاولاتیان.

داعش مەدەنیەكانی ناچار كردوە قوربانیەكانی سپایكەر لە سێدارە بدەن

بەگوێرەی گەواهیدەرەكان ی تیمی راسپێردراو بۆ بەدواداچونی كێشەكە، داعش چۆتە زیندانی ناوەندیی لە تكریت پاش چەند كاژێرێك لە داگیركردنی شارەكە، حوكمدراوەكانیان دەرهێناوەو ناردویانە بۆ ناوچەی كۆشكەكانی سەرۆكایەتی، لەوێ ژمارەیەكی زۆر لە قوربانیانی سپایكەری لێ بوە لە گۆرەپانەكاندا، داعش داوای لە مەحكومەكان كردوە پەیمان بە سەركردە ئەبو بەكری بەغدادی بدرێت و چەكیان پێ دراوە بۆ ئەوەی ئینتیمایان بۆ داعش دەرببڕین، ئەمەش بە كوشتنی دیلەكانی سپایكەر، ئەوانیش فەرمانەكەیان جێبەجێ كردوە، هەروەك لە دان پێدانانەكانیان هاتوە.

بە گوێرەی دان پێدانانەكان كاری مەحكوم كراوەكان دابەش كراوە، هەندێكیان كاری كوشتتنیان پێكراوە و بەشێكیان گۆرەكانیان بە ئامێرەكان هەلكەندوەو ئەوانی تریش ناشتویانن. ئەوەشیان وتوە كە بارهەلگرەكانیان لێخوڕیوە بۆ گواستنەوەی زیندانیەكان لە بنكەی سپایكەرەوە بۆ كۆشكەكانی سەرۆكایەتی، و پاسەوانی ئەو ناوچانەیان كردوە كە زیندانیەكانی تێدا بوە لە كاتی لێكۆلینەوە لەگەڵیاندا پێش كوشتنیان.

ئەسپەردە كردن لەنێو گاشەبەردەكاندا
بەگوێرەی سەراوە مەیدانیەكان، داعش بە ئەنقەست قوربانیەكانی بە شێوەیەكی هەرەمەكی ئەسپەردە كردوە و بە شێوەی پێكەوە نوساو لەسەریەكیان داناون، هەندێكیشان بە گاشەبەردەكانەوە نوساندوە، ئەمەش وا دەكات تیمی هونەری و پزیشكی بە ئاسانی نەتوانن سەرژمێرییان بكەن.

لە نوسراوێكی بەپەلەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتوە، داعش بە ئەنقەست ناسنامەی قوربانیەكان ون دەكات پاشماوەی لاشەكان پێكەوە دەنوسێنێت بە ئامانجی كاریگەری دروست كردن لەسەر كەس و كاریان.

تیمی راسپێردراو بەبێ پارەن
دوای روودانی كارەساتەكە، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران تیمێكی كاری پێكهێنا لە هەر یەك : وەزارەتی مافی مرۆڤ (هەلوەشاوە)، فەرمانگەی پزیشكی دادوەری لە وەزارەتی تەندروستی، بەشی پزیشكی لە وەزارەتی بەرگری، تیمەكە چوە پارێزگاكان و نمونەی خوێنی لە هەرسێ كەسی خێزانێك وەرگرتوە بۆ ئەوەی بەراودری بكات لەگەڵ ئەو روفاتانەی دۆزراوەنەتەوە، و لیستێكی زانیاری تەواو دەربارەی بێ سەرو شوێنەكان دروست كراون.

تیمەكە دەڵێن، دەستەی حەشدی شەعبی و مەرجەعیەتە ئاینیەكان پاڵپشتی لۆجستی و تیمەكەیان لە سوتەمەنی و خواردن و ئۆتومبیل و گواستنەوە لە قۆناغی یەكەمدا دابین كردوە. پێش كشانەوەی تیمی وەزارەتی مافی مرۆڤ بەهۆی خەرج نەكردنی ئیفادەوە بۆیان. سەرەرای ژمارەیەكی تر لەگرفت و كێشە لە نێوان ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی مافی مرۆڤ بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ، ئەمەش بەهۆی پالپشتی نەكردنی حكومەتەوە، پاشان كار دەست پێكرایەوە بە هاوكاری تیمێك لە فەرمانگەی پزیشكی دادوەری، بە پاڵپشتی و پارەداكردن لەلایەن رێكخراوی نێو دەولەتی بۆ پارێزگاری لە بێ سەروشوێنەكان.

سەرچاوە: ناس نیوز
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا