هۆشدارى دەدرێتە عادل عەبدولمەهدى
فشارى پەرلەمانتارانى کوردو عەرەب لەسەر حکومەتى هەرێم بۆ رادەستکردنى نەوت فراوانتر دەبێت

عیراق

13/06/2019‌ 1498 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تا دێت فشارەکان لەسەر هەرێمى کوردستان زیاتر دەبن بۆ رادەستکردنى نەوتى  هەرێمى کوردستان بە کۆمپانیاى سۆمۆ و پەرلەمانتارانی پەرلەمانى عێراقیش هۆشدارى دەدەن لە بەردەوامى رادەست نەکردنى نەوت لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە.

 

لەو چوار چێوەیەدا شیروان میرزا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: ئەگەر لەسەر پرسی نەوت حکومەتی ھەرێم و عێراق رێکنەکەون، گرفت دروست دەبێت، جەختیش دەکاتەوە لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی یاسای بودجە. 

شیروان میرزا بە میدیاکانى حزبەکەى رایگەیاند: لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ کۆبوونەتەوە و ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیەش بە راپۆرتێک پێشکەش دەکەن و چەند راسپاردەیەک دەخەنەڕوو. 

وتیشی: داوا لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی دەکەن یاسای بودجە وەک خۆی جێبەجێبکرێت و داواکاریی فەرمانبەران بۆ رێککردنەوەی مووچە، جێبەجێ بکرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە دوای پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم، وەفدێکی باڵا رەوانەی بەغداد بکرێت بۆ قسەکردن لەسەر پرسی نەوت و مووچە. 

ئەو پەرلەمانتارە جەختیکردوەتەوە، ئەگەر ھەرێم و عێراق لەسەر رادەستکردنی نەوت رێکنەکەون، ئەگەر بۆ ئەمساڵیش نەبێت، بۆ ساڵانی داھاتوو گرفت دروست دەبێت.

بڕیارە عادل عەبدولمەهدی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات‌ و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و مەسرور بارزانی راسپێراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ كۆبوونەوە بكات، ئامانجی سەردانەكە بۆ پرسی نەوت‌و هێزەكانی پێشمەرگەو موچەو بودحەی هەرێمی كوردستانە.

هەر بەپێی زانیارییەكان لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستان عادل عەبدولمەهدی فشار دەكات، بۆ ئەوەی هەولێر مانگانە داهاتی بڕی 250 هەزار بەرمیل لەنەوت رادەستی بەغدا بكات، عەبدولمەهدی جگە لەو داواكارییە، هۆشداری ئەوە دەدات، ئەگەر هەولێر ئەو داهاتە رادەستی بەغدا نەكات، ئەوە حكومەتی عێراق بەشە بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبڕێت.

بەپێى بودجەى گشتى ساڵى ٢٠١٩  هەرێمى کوردستان پابەند کراوە بە رادەستکردنى بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە کۆمپانیاى سۆمۆ، لەبەرامبەریشدا حکومەتى عێراق پشکى هەرێم رەوانە دەکات.

بە پێی ئەو پشکەى دیاری کراوە بۆ هەرێم بری ١٠ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیۆن دینار بۆ هەرێم لە بودجەدا جێگیر کراوە، بەڵام لەئێستادا حکومەتى عێراق تەنیا شەش ترلیۆن رەوانەى هەرێم دەکات ئەوەى تر لەبەرامبەر رادەست نەکردنى نەوت دەگێڕێتەوە.

لەلایەکى ترەوە عالیە نوسیەف پەرلەمانتاری هاوپەیمانى دەوڵەتی یاسا، هۆشداریدا لە بەردەوامی دیارنەمانى سامانی نەوتی كوردستان، ئەمەش لە ڕێگەی پەردەپۆشكردنی پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتەكەی  و شاردنەوەی ژمارەی ڕاستەقینەی دەرامەتە هەناردەكراوەكانی هەریمی كوردستان، پشتیوانی خۆشی بۆ هەڵمەتێكی نیشتمانی بۆ پارێزگاریكردن لە سامانی نیشتمانی دەربڕی كە بەم دوایانە چەند چالاكوانێك دەستپێشخەرییەك خستییانەڕوو.

نوسیەف لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، خەمساردی لە بارەی دەرامەتە نەوتییەكانەوە و چاوپۆشین لە ژمارەی ڕاستەقینەی هەناردەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان، واتای پشكدارییكردنە لە بڕینی قوت هەتیو و بێوەژنان و خانەوادەی شەهیدان و هەزارەها لە وانەی لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین، ناكرێت ئەم پرسە بێدەنگی لێ بكرێت یان لەبەر خاتری حزبێك یان كەسێكی دیاریكراو چاوپۆشی لێ بكرێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەى بەوەشکردوە، حكومەتی فیدراڵی بەرپرسیارێتی شاردنەوەی بە ئەنقەستی ژمارەی ڕاستەقینەی هەناردە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانی لەسەرشانە كە زۆرینەی لە ڕێگەی "نەوتگوێزەرەوەی حەوزیی" یەوە  بەرەو توركیا دەگوازرێتەوە.

 

 هەر لە چوار چێوەى ئەو فشارانە ئەو داواكارییە ئەمڕۆ پێنج شەممە، لەمیانی سەردانی چەند پەرلەمانتارێك لەشاری بەغدا سەردانی دادگای فیدراڵییان كردووە ، ئەوەش "بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ كەیسی سكاڵای وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵ لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم.
پەرلەمانتارەكان دەشڵێن: مەلەفی نەوتی هەرێمی كوردستان و چارەسەری دەستووری و یاسایی بە پرسێكی گرنگ و نیشتمانی دەزانین و ئەم كوتلە سێ كەسییە، كە لە سێ فراكسیۆنی جیاوازدا بۆی كۆبووینەتەوە كاری جدی و فرە رەهەندی لەسەر دەكەین و لە ئاستەكانی دادگا و پەرلەمان و حكومەت و میدیا و شەقام بەدوایدادەچین.

 هاوکات كاوه‌ محه‌مه‌د، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌نوسراوێكی فه‌رمی داوای له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردووه‌، "لەپیناو دابینکردنی شەفافیەت و پاراستنی سامانی نیشتیمانیمان لەرێککەوتن و سەفەقاتی نهێنی، کە داوا لەحکومەتی هەرێمی کوردستان (بەتایبەت بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی پێشووی حکومەتی هەرێم، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان) و نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک بکات".

 بەپێى یاساى بودجەى ساڵى ٢٠١٩ و بە هەوڵى پەرلەمانتارانى کورد موچەى فەرمانبەران لە ململانێى سیاسى دوورخراوەتەوەو بەغدا مانگانە موچەى فەرمانبەران رەوانەى هەرێم دەکات، بەڵام پەرلەمانتارانى کورد گومانیان هەیە رەوانەکردنى ئەم پارەیە تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت ئەوەش بەهۆى فشارى لایەنە شیعەکان و دانیشتوانى پارێزگاکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق.

س.هـ

بەپەلە