بەرزبوونەوەی فشاری خوێن لەكاتی سەردانی پزیشك چی دەگەیەنێت؟

تەندروستی

15/06/2019‌ 643 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێكۆڵینەوەیەكی نوێی پزیشكی ئەوەی ئاشكرا كردووە كە ئەو كەسانەی لەبنەرەتدا خۆیان گوشاری خوێنیان ئاساییە بەڵام لەكاتی سەردانی پزیشك گوشاری خوێنیان بەرز دەبێتەوە زیاتر مەترسی ئەوەیان هەیە بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵەوە گیان لەدەست بدەن .

هەندێك لە شارەزایان دەڵێن ئەو دیاردەیە كە پێیدەوترێت "گوشاری پەردەی سپی" دەكرێت ئاماژە بێت بۆ بوونی گرفتی تەندروستی لە ئایندەدا ، لەگەڵ ئەوەی بەشێكیشیان دەڵێن بەحاڵەتێكی سرووشتی هەژمار دەكەن  .

لێكۆڵینەكە دەڵێت ئەوانەی بەدەست ئەو گرفتەوە دەناڵێنن و چارەسەری ناكەن ، ئەوە دووقات لە خەڵكی تر مەترسی ئەوەیان لەسەرە لەڕێگای نەخۆشییەكانی دڵەوە بمرن .

توێژەرەكان دەڵێن ئەو كەسانەی لە نۆڕینگەی پزیشك گوشاری خوێنیان بەرز دەبێتەوە ، بەڵام بۆ جڵەوكردنی گوشاری خوێنیان بەردەوام دەرمان دەخۆن ، ئەوە  رووبەڕووی هەمان مەترسی نابنەوە.

شارەزایان دەڵێن بەرزبوونەیەكی كەم لە گوشاری خوێن لەكاتی سەردانی پزیشكێكی نوێ شتێكی ئاساییە لەبەر ئەوەی هەست بە دڵەراوكێ دەكەیت ، بەڵام لە سێیەم سەرداندا ئەو دڵەراوكییە نامێنیت ، بۆیە ئەگەر ئەو پەستانە هەر وەك خۆی مایەوە ، ئەوە مایەی نیگەرانییە و ئەگەری هەیە سەرچاوەی مەترسی بێت .

بەپێی قسەی كۆمەڵەی ئەمەریكی بۆ دڵ پێویستە لەپێناو دەستكەوتنی خوێندنەوەیەكی درووستی پەستانی خوێن پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكرێت :
٥ خولەك پێش گرتنی پەستانی خوێن مەجوڵێ.
لەژوورێكی هێمن و بێدەنگ بێت .
با میزڵدان بەتاڵ بێت .
٢٠ خولەك پێش گرتنی پەستانی خوێن واز بێنە لە جگەرەكێشان ، خواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی كافاینیان تێدایە ، راهێنانی وەرزشی .

ئەوەی زانراوە، كە گۆڕینی ستایلی ژیان دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی گوشاری خوێن ، تەنانەت بی خواردنی دەرمانیش.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی