ناوی كاندیدەكانی ئامادەكردووە.. پارتی دەیەوێت زوو حكومەت پێكبێت

کوردستان

15/06/2019‌ 3081 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات ناوی كاندیدەكانی بۆ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ئامادە كردووە و سەرۆكی راسپێراویش بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەیەوێت بە زووترین كات كابینەی نۆیەم دەستبەكار بێت.

شیرین ئامێدی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكرات دەڵێت: ‌لە رووی یاساییەوە دوای دەرچوونی مەڕسوومی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ سەرۆكی حكومەت، لە ئێستادا پارتی كەسانی شایستەی دەستنیشان كردون، بە پێی توانا و لێهاتوویی و پسپۆڕی‌ لە شوێنەكان دادەنرێن، بۆ ئەوەی لە خزمەتی گەل و نشتیماندا بن.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی راشیگەیاند، سەرۆكی حكوومەت زۆر جیددییە بۆ ئەوەی بە زووترین كات كابینەی نۆیەم دەستبەكار بێت.

لەبارەی ئامادەكردن و تەواوبوونی سیڤی كاندیدانی پارتی بۆ پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئامێدی  رایگەیاند، پارتی لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە ئامادەكاری خۆی كردووە بۆ حكومەت، بۆ ئەوەی خەڵكی شایستە بۆ پۆستەكان دابنێت، بەڵام دواكەوتنی حكوومەت بۆ ئەوە بوو لایەنەكانی تریش بتوانن نوێنەرانی خۆیان دەستنیشان بكەن.

شیرین ئامێدی ئەوەش دەڵێت: لەم قۆناغە سەختە، چاوی وڵاتانی ئیقلیمی و دەوڵە‌تان لەسەرمانە، كە ئەو كابینەیە چ گۆڕانكارییەكی تێدا دەكرێت، بۆیە ئەو كەسانەی دیاری كراون، دەبێت بتوانن ئەو پڕۆژەیەی لە حكوومەت ئامادەمان كردووە و لە كاتی هەڵبژاردن پێشكەش بە گەلەكەمانمان كردووە، بە كردەوە كاریان لەسەر بكەن و ئەو كەسانە بن كە بتوانن لە خزمەتی ئەمن و ئاسایش و گەل و نشتیماندا بن و لە ئاست ئەو پەیام و بەرنامەیەی پارتیدا بن بۆ ئەم قۆناغە.

هـ ـ ح