پارتی لە گۆڕان نیگەرانەو داوای روونكردنەوە دەكات

کوردستان

15/06/2019‌ 3978 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات لەبزووتنەوەی گۆڕان نیگەرانەو بەفەرمی داوای روونكردنەوەشی كردووە، ئەوەش بەهۆی هەوڵی چەند پەرلەمانتارێكی ئەو بزووتنەوەیە لەبەغدا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، پارتی لەهەوڵ‌و لێدوانی پەرلەمانتارانی گۆڕان لەبەغدا نیگەرانە، كە قسە لەبارەی دۆسییەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، نیگەرانییەكانی پارتی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، كە لەگەڵ گۆڕان هاوپەیمانی‌و رێككەوتنیان هەیە، بەڵام پەرلەمانتارەكانی ئەو بزووتنەوەیە بێ‌ گوێدانە ئەو رێككەوتنە لەبەغداوە لەدژی سیاسەتی هەرێمی كوردستان كاردەكەن.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، پارتی لەو بارەوە نیگەرانەو نیگەرانییەكانی بەفەرمی گەیاندووەتە بەرپرسانی گۆڕان‌و داوای روونكردنەوەیان كردووە.

پەرلەمانتارانی گۆڕان قسە لەسەر ناشەفافی دۆسییەی نەوتی هەرێم دەكەن، كە ئەو دۆسییە لەژێر كۆنتڕۆڵی پارتییەو ئەوەش بەمەترسی دەزانن بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی عێراق.

هـ ـ ح