فشارەکان لەسەر هەرێم فراوانتر دەبێت.. لیژنەکەى پەرلەمانى عێراق لێکۆڵینەوە لە بڕو داهاتى نەوتى هەرێم دەکات

عیراق

15/06/2019‌ 1115 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بڕیاریدا لیژنه‌ییه‌كی هاوبه‌ش له‌ پەرلەمانتاران به‌دواداچوونبۆ نەوتى فرۆشراوى هەرێم لە تورکیا پێکبهێنێت.

دواى ئەوەى لە دانیشتنى ئەمرۆى پەرلەمانى عێراقدا سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لەسەر داواى کۆمەڵێک پەرلەمانتار لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى لەدۆسیەى نەوتى هەرێم پێکهێنا، شارپرێس ئەوەشى زانییوە کە لیژنەکەى پەرلەمانى عێراق بەدواداچوون بۆ هۆکارى رادەستنەکردنى نەوت لەلایەن هەرێم و بڕى بەرهەمهێنان و فرۆشتنى نەوتى هەرێم و داهاتەکەى دەکەن.

لیژنەکە لە ئەندامانى لیژنەى نەوت و گازو لیژنەى یاسایی  لەپەرلەمانى عێراق پێکهاتوون و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو سکاڵایانە دەکەن کە عێراق لەدژى تورکیا تۆمارى کردون سەبارەت بە نەوتى فرۆشراوى هەرێم.


هاوکات بەپێى زانیارییەکان بەشێک لە پەرلەمانتارە کوردەکانیش هاوکارى ئەو لیژنەیە دەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەى نەوتى هەرێم و ئامادەییان لەو بارەیەوە دەربڕیوە.

بەپێى ئەو سکاڵایانەى حکومەتى عێراق لەدژى تورکیا تۆمارى کردوە لەسەر فرۆشتنى نەوتى هەرێمە لەرێى تورکیاوە کە داهاتەکەى ٢٠ ملیار دۆلارە.

لەلایەکى ترەوە بەختیار شاوەیش پەرلەمانتارى یەکێتى رایگەیاندوە، دەشڵێت: محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا لیژنەی نەوت و لیژنەی دارایی و لیژنەی یاسایی بەدواداچوون بكات بۆ ئەو سكاڵایەی حكومەتی عێراق كە ساڵی ۲۰۱٤ لەسەر توركیا كردویەتی سەبارەت بەگواستنەوەی نەوت لەبەندەری جیهان.

پەرلەمانتارەکەى یەکێتى ئاماژەى بەوەشکردوە، زەنگی وریاكەرەوەیە، پێویستە حكومەتی هەرێم تێبگات‌و چارەسەری ئەم دۆسییە بكات.

بڕیارە لەچەند رۆژى داهاتوو عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق سەردانى هەولێر بکات و لەگەڵ بەرپرسانى هەرێم پرسى کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکات.

س.هـ