شارپرێس:
زاناكان گەیشتوونەتە ڕێگایەك بۆ گۆڕینی سەرجەم گروپەكانی خوێن بۆ یەك گروپی خوێن ، كە لەگەڵ هەموو نەخۆشەكان بگونجێت ، ئەویش بە بەكارهێنانی ئەو میكرۆبەی لە ریخۆڵەی مرۆڤدایە ، كە بە دۆزینەوەیەكی پزیشكی بەبەها دادەنرێتو هەزاران كەس لە مردن رزگار دەكات .
زاناكان لە زانكۆی كۆلۆمبیای بەریتانی توانییانە بگەنە ئەو ئەنجامەی، كە چۆن هەموو گرووپە خوێنەكانی A وB وAB بۆ گرووپی O بگۆڕن ، كە دەكرێت بۆ هەموو نەخۆشەكان بەكاربهێنرێت لەكاتی پرۆسەكانی گواستنەوەی خوێن بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی نەخۆشەكە چی جۆرە گروپێكی خوێنی هەیە .
گروپە جیاوازەكانی خوێن بە جیاوازی ئەو شەكرەی لە رووەكانی خانە سوورەكانی خوێندا هەیە جیاوازن ، لەكاتێكدا گروپی O هیچ شەكرێكی تێدا نییە .
زاناكان پەیان بەوە بردووە، كە هەندێ ئەنزیم دەتوانن ئەو شەكرەی لە گرووپەكانی A وB وAB دا هەیە لایانبەرێت و بیانكات بە جۆری O ، بەڵام هیچ ئەنزیمێكی سەلامەت و چالاك و ئابووریانەیان نەدۆزیوەتەوە تەنیا لە ریخۆڵەدا نەبێت .
كۆئەندامی هەرسی مرۆڤ هەمان ئەو شەكرەی تێدایە كە لە خانەكانی خوێندا هەیە ، هەروەك ئەو ئەنزیمە بەكتریریەش لە پاشەرۆكی مرۆڤدا هەیە ئەو شەكرە لادەبات تا یارمەتی هەرس بدات.
هەروەها زاناكان توانیویانە ئەو ئەنزیمە داببڕن و بەبۆ بەتاڵكردنەوەی خوێن لە شەكر بەكاری بهێنن ، بەشێوەیەك كە لەهەموو ئەنزیمەكانی تر چالاكترە .
هەنگاوی دووەمی ئەو زانایانە ئەوەیە، كە بزانن ئایا ئەو ئەنزیمە هیچ كاریگەری لاوەكی هەیە ، ئەگەر هیچ كاریگەری لاوەكی نەدۆزرایەوە ، ئەوە ئایندەی خوێنبەخشین بەرەو باشتر دەڕوات .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی