لەیزەرێكی نوێ دەتوانێ خانە شێرپەنجەییەكانی سوڕی خوێن بكوژێت

تەندروستی

16/06/2019‌ 857 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دەستەیەك لەزانایانی زانكۆی ئەركەنساس سەركەوتوانە لەیزەرێكیان تاقیكردەوە، كە دەتوانی خانە شێرپەنجەییەكان بدۆزێتەوە و بكوژێت، هەموو ئەمەش لە دەرەوەی پێستەوە دەكرێت. 

ڤلادیمێر ژارۆڤ، شارەزا لە بوارەكەدا دەڵێت: لە كاتێكدا بە تەواوی دەرە جەستەییە، ئەم تەكنەلۆجیایە ئەگەری زۆری هەیە، كە ڕێگری لە گەشەی لووە شێرپەنجەییەكان بكات.

بیرۆكەی دروستكردنی لەیزەرەكە بۆ كوشتنی خانە شێرپەنجەییەكانە بەر لەوەی ببن بە لوو، یان بە جەستەدا بڵاو ببنەوە، كە ئەمەش هۆكاری سەرەكی ئەو مردنانەیە و پەیوەندییان بە شێرپەنجەوە هەیە.

بەلێدانی لێزەرەكە لەسەر ئەو خانە شێرپەنجەییە خولاوانەدا، لە كۆتاییدا بڕێكی زۆر زیاتر وزەی گەرمی هەڵدەمژن لە خانە ئاساییەكان. ئەو گەرمییەش وایان لێدەكات بكشێن و دواتریش لەناو بچن.

ژارۆڤ دەشڵێت: بەكارهێنانی لەیزەر شۆڕشێكی گەورەیە لە بواری دەستنیشانكردن و چارەسەری نەخۆشیدا، لەگەڵ ئەوەشدا، قەبارەی گەورەی لێزەرەكان تا ئێستا ڕێگر بووە لە بەكارهێنانە پزیشكییەكاندا لە ئاستی خانەكاندا.

هەروەها دەڵێت: ئەنجامەكان دڵخۆشكەرن ''لە یەك نەخۆشدا ٩٦٪ خانە سەرەتانییەكانمان لەناو برد، ئەمەش بێ ئەوەی هەموو توانای لێزەرەكە بخەینە كار.''

ئەمە یەكەم لەیزەری لەو شێوەیە نییە، بەڵام ژارۆڤ بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئەمە یەكەم لەیزەرە كە لەسەر مرۆڤ بسەلمێندرێت.

چەندان ئامێری هاوشیوە تا ئێستا تاقیكراونەتەوە، لە ناویاندا ئامێرێك كە لە مەچەك دەكرێت و لە لایەن توێژەرانی زانكۆی میشیگانەوە دروستكراوە.

بەڵام لەیزەرە نوێیەكە سوودێكی گەورەتریشی هەیە: دەتوانێ لیترێك خوێن لە ماوەی كاژێرێكدا بپشكنێ – ئەمەش زۆر خێراترە لە ئامێرە ڕكابەرەكانی.

سەرچاوە: sciencealert
وەرگێڕان: هێمن عەزیز