تەندروستی جیهانی نەخۆشی ئیبۆلا وەك دۆخی لەناكاوی نێودەوڵەتی ڕادەگەیەنێت

جیهان

16/06/2019‌ 687 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستەی ڕاوێژكاری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO  ) كۆبوونەوە و تێیدا ڕایانگەیاند، پێویستە و لەوانەیە ڕێكخراوەكە دۆخی لەناكاوی نێودەوڵەتی ڕابگەیەنێت سەبارەت بەپەتای ئیبۆلا لەكۆماری كۆنگۆی دیموكرات، كە ئێستا نەخۆشیەكە گەیشتوەتە ئۆگەنداش.

پەتاكەی كۆنگۆ دووەم مەترسیدارترین پەتای جیهانە لە دوای سەرهەڵدانی پەتای ئیبۆلای ڕۆژئاوای ئەفریقا ٢٠١٤-٢٠١٦. تا ئێستا ٢٠٨٤ حاڵەتی تووشبوون تۆمار كراوە و لەو ڕێژەیەش ١٤٠٥ كەس گیانیان لە دەستداوە لە دەستپێكی نەخۆشیەكەوە لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردووەوە. ڕێكخراوی WHO ڕاشی گەیاندا كە ڕۆژی پێنج شەممە دوو كەس لە ئۆگەندا گیانیان لە دەستدا كە هەڵگەری نەخۆشیەكە بوون و لە كۆنگۆوە گەیشتبوون.

ئامانج لە كۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی دەستەی ڕاویژكاری WHO بۆ ئەوە بوو كە ئایا پەتاكە گەیشتوەتە ئاستێك دۆخی لەناكاوی نێودەوڵەتی ڕابگەیەنرێت. شارەزایان وتیان بڕیارێكی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی زیادكردنی ڕێكارەكانی تەندروستی گشتی، پارەداركردن و پێداویستییە پزیشكییەكان، دەشێت كۆمەڵێ ڕاسپاردەش سەبارەت بە گەشت و بازرگانی لەخۆ بگرێ.

بە بۆچوونی شارەزایان ڕێكخراوەكە دۆخی لەناكاوی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پەتاكە ڕادەگەیەنێت لەبەرئەوەی گەیشتوەتە ئاستی قەیرانێكی جدی و مەترسیدار.

پرۆفیسۆرێكی یاسای تەندروستی جیهانی لە زانكۆی جۆرج تاونی ئەمریكا وتی: هێشتا خەڵكی لە دەرەوەی ناوەندەكانی چارەسەری ئیبۆلا دەمرن و خێزانەكانیان دەخەنە بەر مەترسی توشبوون و خەڵكێكی زۆری توشبووش لە لیستی ئەو حاڵەتە تۆماركراوانەدا نین كە چاودێری دەكرێن.

هەروەها بە ئاماژەدان بەو هێرشە كوشندانەی لەم دواییانەدا كرانە سەر خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لە ئۆگەندا وتی: بە تەنیا كوتان كێشەكە چارە ناكات گەر كۆمەڵگا حاڵەتەكان بشارێتەوە بە هۆی بێمتمانەییەوە.  توندوتیژی بەردەوامە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بۆ كۆتایی هێنان بە پەتاكە.

دەستەكە، كە پێشتر دووجار ڕەتی كردبووەوە دۆخی لەناكاو ڕابگەینێت، كۆمەڵێ ڕاسپاردە پێشكەش بە بەڕێوەبەری گشتی WHO دەكات و ئەویش بڕیاری كۆتایی دەدات.

لە دەیەی ڕابردوودا تەنیا چوار حاڵەتی لەناكاو ڕاگەیەندراون. ڤایرۆسی H1 كە بووە هۆی پەتایەكی ئەنفلۆنزا لە ٢٠٠٩، پەتای ئیبۆلای ڕۆژئاوای ئەفریقا، پۆلیۆ ٢٠١٤ و زیكا ٢٠١٦.

سەرچاوە: Reuters
وەرگێڕان: هێمن عەزیز