یەكێتی بۆ بەشداریكردن لەحكومەتی هەرێم سوورە لەسەر مەرجەكانی

کوردستان

16/06/2019‌ 1502 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی یەكێتی مەرجی حیزبەكەی بۆ  بەشداریكردنی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكراكردو رایگەیاند، یەكێتی بەشداریكردنی لە حكومەت بەستووەتەوە بە كۆتاییهاتنی ناكۆكییەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پۆستەكانی بەغدا ، ئەگەر نا هەرەشەی ئەوەی كردووە، كە بەشداری حكومەتی هەرێمی كوردستان ناكات.

غەیاس سورچی لەلێدوانێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە رێكەوتنەكان لەسەر حكومەت و پەرلەمان بە دابەشكردنی پۆستەكان لەنێوان هەموو حیزبەكاندا كراوەو راشیگەیاندووە، پشكی یەكێتی بریتییە لە سەرۆكی پەرلەمان ، جێگری سەرۆكی حكومەت ، جێگری سەرۆكی هەرێم و شەش وەزارەت ، ئەوە سەرباری چەندین دەستە و پۆست لەسەر ئاستی بەڕێوەبەری گشتی.

سورچی روونیشیكردووەتەوە، ناكۆكییەكانیان لەگەڵ پارتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك و وەزیری دادی عێراقە، هەروەها رایگەیاندووە، حیزبەكەی هێشتا ناوی هیچ پاڵێوراوێكی بۆ ئەو پۆستانە پێشكەش نەكردووە، كە لە حكومەتی هەرێم بەری كەوتووە.

سورچی باسی لەوەش كردووە، ئەو دانوستانەی لەنێوان هەردوو حیزب دەكرێت یەكلاكەرەوە دەبن بۆ كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان یان نا، جەختیشیكردووەتەوە ئەگەر بێت و ناكۆكییەكانیان لەگەڵ پارتی لەسەر پۆستی وەزیری داد و پارێزگاری كەركوك یەكلایینەبنەوە ، ئەوە یەكێتی بایكۆتی حكومەتی هەرێم دەكات.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی