وردەكاری راپۆرتی میوانداریكردنی فوئاد حوسێن بۆ لیژنەی دارایی

عیراق

16/06/2019‌ 1170 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاپۆرتێك لەبارەی  میوانداریكردنی فوئاد حوسێن وەزیری دارایی پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووەو داوای بانگهێشتكردنی دەكات.

بەپێی بەیاننامەیەكی لیژنەكە عێراق ژمارە (393) ی (12/6/2019)  كە ئاراستەی پەرلەمانی عێراق كراوە سەبارەت بە ڕاپۆرتێكی تایبەت بە میوانداریكردنی وەزیری دارایی عێراق، تێدا هاتووە، كە لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (دانیشتنی ژمارە 16 ی 4/5/2019) كە داوای میوانداریكردنی وەزیری دارایی عێراق دەكات سەبارەت بە پرسی فرۆشی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان( بە گوێرەی بەندی 10،دووەم/ج) لەپڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی دارایی 2019. 

هەر بەپێی بەیاننامەكە دوای ئەوەی لیژنەكەی ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوەكەی وەزارەتی نەوت/كۆمپانیای خستنەبازاڕی نەوتی (سۆمۆ) ژمارە 186 لە 3/4/2019  یان بەدەست گەیشت و تاوتوێیان كردووە، كە تایبەت بووە بە بڕی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان و نوسراوی وەزارەتی دارایی عیراق/ ژمارە 5416 ی 11/3/2019 و كەشفی داتا داراییەكای تایبەت بەو پارانەی لە بودجەی بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان كراون.

لیژنەی دارایی لە ڕۆژی 3 شەممە (21/5/2019) لەگەڵ وەزیری درایی و بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای خستنەبازاری نەوتی عێراقی (سۆمۆ) و بەڕێوەبەری گشتی ژمێرەی وەزارەتی دارایی كۆبووەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا وەزیری دارایی باسی لە قۆناغەكانی پارەداركردنی (تمویل) ی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2018  كرد كە حكومەتی پێشوو بڕی (317) ملیار دیناری مانگانەی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، تێكرای سەرجەمی پارەی تەرخانكراو بۆ هەرێمی كوردستانیش لە بودجەی گشتی ئیتحادی ساڵی 2018  بڕی (2.477 ترلیۆن دینار) بووە. وەزیری دارایی ئەوەشی گووتووە كە خەرجكردنی ئەو بڕە پارەی مانگانە (317 ملیار دینار) بۆ هەرێمی كوردستان بە ڕەزامەندی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو  و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەریمی كوردستان بووە، هەروەك باسیش كراوە كە ڕێككەوتننامەیەكی نووسراو لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشووی عێراقدا لە ئەیلولی 2018 واژۆكراوە، بە گوێرەی ڕێككەوتننامە نووسراوەكە، دەبێت ئەو بڕە پارەیەی پێشوو  (100 ملیۆن دۆلار = 120 ملیار دینار) ی دیكەی بۆ زیاد بكرێت و ببێتە (437) ملیار دیناری مانگانە، وەزیری داراییش بەڵێنی داوە كۆپییەكی ئەو ڕیككەوتننامەیە بداتە لیژنەی دارایی (سەرباری ئەوەی ئەو 100 ملیۆن دینارە بۆ هەرێم خەرج نەكراوە) بەو مەبەستەی گوژمە پارەكە بۆ (437) ملیار دیناری مانگانە زیاد بكرێت.

لە نووسراوەكەدا هاتووە "لیژنەكەمان پێی وایە ئەم ڕێككەوتننامەیە سەرپێچی دەقی بەندی (10/دووەم/ج) ی یاسای گشتی بودجەی ئیتحادی بۆ ساڵی دارایی 2018  كە دەڵێت " ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتە ئیتحادییەكانی نەگێڕانەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، یاخود پابەند نەبوو بە حوكمی بڕگەكانی (أ،ب) ئەوبەندەئاماژەبۆكراوەی سەرەوە، ئەو كات وەزارەتی دارایی ئیتحادی ئەو بڕە پارە دیاریكراوە لەو بەشە بوجە دەبڕێت كە بە گوێرەی بەندەكانی (یەكەم/ دووەم/ أ،ب) بۆ هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە و دواتریش پاكتاوی ژمێرەیی (حسابی) دەكرێت".

هەر بە گوێرەی نووسراوەكە " كابینەی پێشووی حكومەتی عێراقی بەردەوام بووە لە خەرجكردنی ئەو بڕە پارەی مانگانە (317 ملیار دینار) بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان تا كۆتایی ساڵی 2018، كابینەی تازەی حكومەتی عێراقیش لەسەر ئەم ڕێچكەیەی كابینەی پێشوو بەردەوام بووە و بۆ هەردوو مانگی تشرینی دووەم و كانونی یەكەمی ئەمساڵی 2019 و تا كاتی پەسەندكردنی بودجەی گشتی ئیتحادی ،  هەمان بڕە پارەی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان خەرج كردووە، ئەم ڕەفتارەش پشتی بە هیچ دەقێكی یاسایی نەبەستووە.

نووسراوەكە ئاماژە بەو گوژمە پارەیەش دەكات كە خشتەیەكی هاوپێچی لەگەڵە و  بۆ قەرەبووكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی كوردستان لە بودجەی گشتی ئیتحادی بۆ ساڵی 2019 زیادكراوە، ( لیژنەی دارایی لە بارەی زیادكردنی ئەو گوژمەوە پارەوە پەیوەندیان بە وەزارەتی داراییەوە كردووە) لە (2.477) ترلیون دیناری ساڵی 2018 بۆ (5.44) ترلیۆن دیناری بۆ ساڵی 2019، واتە بڕی پارەی قەرەبووی فەرمانبەرانیشی خراوەتەسەر كە (454) ملیار دینارە كە بەرئەنجامی دابەشكردنی (5.44) تۆلیۆن دینارە بەسەر 12 مانگدا.

وەزارەتی دارایی ئیتحادی بڕە گوژمە پارەی (724) ملیار دیناری لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا خەرج كردووە كە هی مانگەكانی كانونی دووەم و شوباتی ساڵی 2019 یە واتە ( 454-317x2) ، لەمەشیاندا پشتی بە بەندی (48) ی یاسای بودجەی گشتی ئیتحادی ساڵی 2019 بەستووە كە بە دەق دەڵێت " دەبێت وەزارەتی پلاندانان ژمارەیەكی دارایی بۆ هەر كەسێك دیاری بكات كە مەچە یان بەخشش یان پاداشتێك لە گەنجینەی گشتی دەوڵەت وەردەگرێت".

هەر بە گوێرەی نووسراوە ئاماژەبۆكراوەكەی وەزارەتی دارایی لە خاڵی (5)  هاتووە "دەبێت ئەنجومەنی وەزیران ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پێدانی ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ موچەی فەرمانبەران تەرخانكراوە و بیگەیەنێتە دەستی فەرمانبەرانی هەرێم و تەنها وەم موچە بەكاربهێندرێت و بۆ مەبەستی دیكە خەرج نەكرێت، ئەگەرنا، ئەوا حكومەتی ئیتحادی بۆ خۆی ڕاستەوخۆ ئەو بڕە پارەیە بەسەر فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمدا دابەش دەكات.

هەر لەو نووسراوەدا و لە خاڵی (6) هاتووە كە دەبێت پەلە بكرێت لە داڕشتنی یاسای نەوت و گاز لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە لە ماوەیەك كە لە فەسڵی یاساكاریی (تەشریعی) ئایندە تێپەڕ نەكات.

وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر