تویتەر ئەو هەژمارانە دەسڕێتەوە لە لایەن ئێرانەوە بەكاردەهێنرێن

جیهان

17/06/2019‌ 437 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تویتەر نزیكەی ٤٨٠٠ هەژماری سڕیوەتەوە بە بیانووی ئەوەی لەلایەن ئێرانەوە بەكارهێنراون بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاری هەڵە.

لە چوارچێوەی چارەسەری كێشەی دەستێوەرداندا، تویتەر ئەم هەژمارانە و ژمارەیەكی زۆر هەژماری كۆمەڵێ گروپی تری سڕییەوە، كە رایگەیاندووە، سڕینەوەی ئەو هەژمارانە بۆ ڕێگریكردنە لە بڵاوبوونەوەی زانیاری ناڕاست لە لایەن خەڵكانی شاراوەوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا كۆمەڵێك هەژماری تر سڕاونەتەوە، كە بۆ بانگەشەی ڕوسیا، كەتەلۆنیا و فەنزوێلا بەكارهاتوون.

یۆل ڕۆپ بەرپرسی بەشی پارێزراوی سایتەكە ڕایگەیاندووە، ئەو ٤٨٠٠ هەژمارە هەموویان بۆ یەك ئامانج بەكار نەهێنراون. 

ڕۆپ راشیگەیاند، بەشێكیان واتە ١٦٦٦ هەژمار، نزیكەی دوو ملیۆن تویتیان ناردووە، كە تێیدا هەوڵی بڵاوكردنەوەی ئەو بۆچوونانەیان داوە ، كە پشگیری لە سیاسەت و كردارەكانی ئێران دەكەن.

بەشێكی كەمتریان، ٢٤٨ هەژمار، هاوشێوەی ئەوانی تریان كردووە بەڵام ئامانجی سەرەكییان ڕەخنەگرتن بووە لە ئیسرائیل.

گەورەترین گروپیان، ٢٨٦٥ هەژمار، كەسایەتی ساختەیان بەكارهێناوە بۆ ئاڕاستەكردنی گفتوگۆكان سەبارەت بە كێشە كۆمەڵایەتییەكان لە ئێران لە بەرژەوەندی دەوڵەتی ئێران.

ئەو هەژمارانە لە مانگی ئایاردا سڕانەوە، ئەوانەشی داخراون لە ناویاندا ١٣٠ هەژمار كە لە لایەن پشتیوانانی سەربەخۆیی كەتەلۆنیاوە دامەزرێندرابوون، ٣٣ یان لە لایەن یەكێتیەكی بازرگانییەوە لە فەنزوێلا و چوار ئەكاونتی ڕووسیش لە لایەن ئاژانسی لێكۆڵینەوەی ئینتەرنێتەوە بەكار هێندرابوون. هەمان ئەو ئاژانسە باوەڕوایە كە هەوڵی دابێت دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا بكات لە ساڵی ٢٠١٦ لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە.

ڕۆپ نووسیویەتی، پێمان وایە كە ئەو خەڵك و ڕێكخراوانەی خاوەنی بەرژەوەندین و وشیارانە خزمەتگوزاریەكانمان بە خراپ بەكار دەهێنن خزمەتی بەرەوپێشچوونی گوتارێكی تەندرست ناكەن، بەڵكو چالاكانە هەوڵی لاوازكردنی دەدەن.''

وەرگێڕانی: هێمن عەزیز