هۆشداری لەبوونی مامەڵەیەك لەپشت ئازادكردنی نەجمەدین كەریمەوە دەدرێت

عیراق

17/06/2019‌ 2249 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەوزی ئەكرم تەرزی ئەندام پەرلەمانی پێشووی عێراق ، هۆشداری دەدات لەبوونی مامەڵەیەك لەپشتی پەردەوە بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریمی پارێزگاری پێشووی كەركوك و گەڕانەوەی بۆ هەولێر ، كە لەلایەن دادگاوە بەتۆمەتی گەندەڵییەوە داواكراوە ، ئەوەش لەسەر حسابی جێبەجێكردنی یاساو سەروەری یاسا.

تەرزی لەلێدوانێكیدا رایگەیاند، گەلێك پێشێلكاری یاسایی و ئیداری لەبەردەم چاوی خەڵك لەو وڵات روودەدات ، دەبێت یاسا  ودەستوور لەسەر هەموو خەڵك وەك یەك جێبەجێبكرێت ، نەوەك هەندێك كەس لەهەندێكی تر جیابكرێتەوە و جێبەجێكردنی یاساكان ئەوان نەگرێتەوە.

ئەو راشیگەیاند، دەبێت عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیر  و دادگای كارگێری هەموو ڕێوشوێنە پێویستەكان لەدژ ئەو كەسانە بگیرنەبەر، كە لەلایەن دادگاوە داواكراون ، دەستگیربكرێن و بەگوێرەی یاسای عێراقی دادگایی بكرێن.

تەرزی باسی لەوەش كردووە، كە مامەڵە سیاسییە هەرزانبەهاكان و ڕێكەوتنە گوماناوییەكان لەپشت پەردەوە نابێت لەسەر حسابی داگا و یاسا بێت، داواشی لە عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیران كرد ، كە دەبێت یاساكان جێبەجێ بكرێن و ئەو كەسانەشی لەلایەن دادگاوە داواكراون دەستگیر بكرێن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی