محەمەد بن سەلمان بێدەنگی شكاندو وەڵامی هێرشەكەی ئەردۆغانی دایەوە

جیهان

17/06/2019‌ 9414 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد بن سەلمانی جینشینی سعودیە، وەڵامی هێرشەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیای دایەوە، كە ڕەخنەی لە شانشینی سعودیە گرتبوو، سەركردایەتی ئەو وڵاتەشی بەوە تۆمەتبار كرد دەستیان هەبووە لە كوشتنی خاشقچیدا. 

جێنشینی ناوبراو لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ "ڕۆژنامەی شەڕقلئەوست" سەبارەت بە ڕەخنەكانی چەند بەرپرسێكی تورك وتی: بەو پێیەی شانشینی سعودییە هەردوو حەرەمە پیرۆزەكە لەخۆ دەگرێت، كۆششی ئەوە دەكات پەیوەندی باشی لەگەڵ دەوڵەتانی ئیسلامیدا هەبێت، بە وڵاتی توركیاشەوە، ئەمەش كارێكی گرنگە و لە پێناو بەرژەوەندی ناوچەكە و كاری ئیسلامی هاوبەش دایە.

سەبارەت بە هێرشەكەی ئەردۆغان و هەندێك لە بەرپرسە توركەكانیش وتی: "ئێمە خزمەت بە دوو حەرەمە پیرۆزەكە و سەقامگیری و ئاشتی نیشتمان و گەلەكەمان دەكەین، نەوەك بچینە ملبەملەو چەلەحانێیەك، كە زیان بە نیشتمانەكەمان و جیهانی ئیسلامی بگەیەنێت، ئێمە بەرەو ئەو ئامانجانە هەنگاو دەنێین، بێ ئەوەی ئاوڕ لە قسە و قسەڵۆكی هەندێك كەس و لایەن بدەینەوە كە نیازەكانیان لای كەس شاراوە نین.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ،  ئەردۆغان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ هەردوو وێستگەی Kanal D"  و"CNN TURK"   تەلەفزیۆنی وتبووی بەڵگەكانی دەست ئەنقەرە دەیسەلمێنن، كە تاوانی كوشتنی خاشقچی ناكرێت بسڕدرینەوە، ئەو تۆمارانەی لە بن دەستیانن سەبارەت بە تاوانەكە بۆ زۆر لە بەرپرسەكان و بە تایبەتیش بەرپرسە سعودییەكان لێدراون.

ئەردۆغان پرسیاریشی كرد كە ئەگەر محەمەد بن سەلمان ئاگای لە كوشتنی خاشقچی نەبێت كێ ئاگای لێیە؟  

بەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی داواكاری گشتی سعودیە لە ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوودا دەڵێت خاششقچی لە ئەنجامی پێكهەڵپژان و ڕوودانی شەڕێك لە كونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەمبوڵ مردووە، ووتیشی لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن و چەند كەسێكیش كە ژمارەیان 18 كەسە دەستگیركراون و هەمووشیان سعودین، ئەمەش بە مەبەستی گەیشتن بە ڕاستی ڕووداوەكە و گەیشتن بە دادپەروەری.

وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر