گومان لەبوونی رێككەوتنێك دەكرێت
ئازادكردنی نەجمەدین كاردانەوەی زۆری دروست كردووە

کوردستان

17/06/2019‌ 2198 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك گەڕایەوە شاری هەولێر، ئەوەش دوای دەستگیركردن‌و راگرتنی بۆ ماوەیەك لەبەیرووتی پایتەختی لوبنان.

نەجمەدین كەریم 22ی مانگی رابردوو لەلایەن پۆلیسی ئەنتەرپوڵ لەبەیروتی پایتەختی لوبنان دەستگیركراو ماوەیەك راگیرا، بەڵام رۆژی یەك شەممە ئازادكردن‌و گەڕانەوەی بۆ هەولێر راگەیەنرا.

نەجمەدین كەریم، بەهۆی سكاڵای دادگای نەزاهەی عێراق دەستگیركرا، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو رۆژی یەك شەممە لەهەولێر دەركەوتەوەو ئەوەش كاردانەوەی دروست كرد.

جگە لەكاردانەوەكان، گومان دەكرێت نەجمەدین كەریم بەرێككەوتنی نهێنی ئازادكرابێت، كە پێشتر پارتی دیموكرات هەوڵی زۆریدا بۆ ئازادكردنی.

لەچوارچێوەی كاردانەوەكان  پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت: بەبڵاوبوونەوەی هەواڵی گەڕانەوەی پارێزگاری پێشووی كەركوك بۆ هەولێر توشی سەرسوڕمان بوون.

غالب محەمەد، پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق دەشڵێت: گەڕانەوەی نەجمەدین كەریم بۆ شاری هەولێر گورزێك بوو بەر دەسەڵاتی داوەری عێراق كەوتووە.

هەروەها دەڵێت: ئەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەڕێگەی ئەنجومەنێكی تایبەت بەو پرسە دەیڵێت درۆیە‌و باسی لەوەش كردووە، ئەنجومەنی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێكهێندراوە، نەیتوانیوە ڕووبەڕووی نەجمەدین كەریم ببێتەوە، كە چەندین كەیسی گەندەڵی ئاڕاستەكراوە.

هـ ـ ح

بەپەلە