سەرەڕای هەڕەشەكان توركیا هیچ كارتێكی بۆ وەڵامدانەوەی فشارەكانی ئەمریكا لەبەردەست نییە

جیهان

17/06/2019‌ 1279 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی داد و گەشەپێدان میدیا زەبەلاحەكەی خۆی لە ناو توركیادا دژ بە ئەمریكا خستۆتەكار، گوایە ئەنقەرە كارتی بەدەستەوەن و دەتوانێت لەدژی واشنتۆن بەكاریان بێنێت، ئەمەش وەك بەرپەرچدانەوەیەك بۆ ئەو سزایانەی چاوەڕوان دەكرێت ئەمریكا بەسەر ئەنقەرەیاندا سەپێنێت.

چاودێران پێیان وایە ئەنقەرە كارتێكی ئەوتۆی بەدەستەوە نییە دژ بە واشنتۆن بەكاریبێنێت، جگە لەوەی خۆی باوێتە باوەشی ڕوسیاوە، كە پێشتر ئەمەی كردووە و شتێكی تازەش نییە.

لەو بارەوە بەرپرسێكی باڵای توركیا وتی: وڵاتەكەی لە بەرانبەر هەڕەشەكانی ئەمریكا بە سەپاندنی سزاكان، ڕێوشوێنی پێویست دژ بە ئەمریكا دەگرێتەبەر ، ئەمەش بە گوێرەی ڕینماییەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كە دەری كردوون.

بەرپرسە توركەكە، كە داوای كرد ناوی نەهێندرێت، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵ بلومبیرغ وتی: وڵاتەكەی لە هەوڵی لێكۆڵینەوەی ئەو بژاردانەدایە كە لەوانەیە دژ بە ئەمریكا بیگرێتەبەر وەك پێداچوونەوە بۆ ئەو كاڵاو بەرهەمانەی بۆ واشنتۆن هەناردە و هاوردەیان دەكات. 

پیشتریش مەولود چاوش ئۆغڵۆ ڕایگەیاندبوو، كە هەرگیز وڵاتەكەی لە مامەڵەی كڕینی كۆسیستەمی موشەكی ئێس 400 پاشەكشە ناكات. ووتیشی ووڵامی هەر سزایەكی واشنتۆن دەدەنەوە وەك بەرگریكردن لە سەربەخۆی و ئازادی ووڵاتەكەیان. ئەوەشی گووت ئەگەر واشنتۆن هەنگاوی نەرێنی دژ بە توركیا بهاوێژێت، ئەوا ئەنقەرە دژەووڵامی بۆ واشنتۆن دەبێت.

لەلاشەوە "ئیبراهیم كاڵن" ی وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی توركیا وتیك هەڕەشە و سزاكانی ئەمریكا ئەنجامێكیان نابێت و سەركەوتوو نابن، بەڵكو شێلگیری ئێمە زیاد دەكات و كەنارگیری ئەمریكاش لە گۆرەپانی نێودەوڵەتی بەرفراوانتر دەكات. 

وتیشی: واشنتۆن مەترسی ئەوەی لەسەرە توركیا لەدەست بدات، چونكە هەموو گەلی توركیا هەست بەوە دەكەن واشنتۆن ترس و دڵەڕاوكێكانی توركیا فەرامۆش كردووە سەبارەت بە ئاسایشە نەتەوەییەكەی.

ئەمریكا هەڕەشەی ئەوەی لە توركیا كردبوو كە بەشداری ئەو ووڵاتە لە پرۆگرانی فڕۆكەی ئێف 35 كۆتایی پێ دێنێت، ئەگەر ئەنقەرە تا مانگی یۆلیۆ لە كڕینی موشەكی ئێس 400 پەشیمان نەبێتەوە. ووتیشی توركیا بە گوێرەی یاسای "ماجنیتسكی"  و "یاسای بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی ئەمریكا" ڕووبەڕوی سزاكان دەبێتەوە، ئەم دوو یاسایە ڕێگە بەوە دەدەن سزا بەسەر ئەو دەوڵەتانەدا بسەپێندرێت كە مامەلەی بازرگانی لەگەڵ ڕوسیادا دەكەن.

مامەڵەی كڕینی موشەكی ڕوسی ئێس 400 ترسی بۆ زۆرێك لە دەوڵەتانی ئەوروپای ئەندامی ناتۆ دروست كردووە و لەوانەش حكومەتی ئەڵمانیا. بۆیە "ئۆلریكە دیمیر" ی قسەكەری حكومەتی ئەڵمانیا ووتی پێویستە توركیا بەو هەڵوێستەی خۆیدا بچێتەوە.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر