هاوپەیمانی فەتح حكومەتی عێراق بەئازادكردنی نەجمەدین كەریم تۆمەتبار دەكات

عیراق

17/06/2019‌ 485 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هومام عەلی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی هاوپەیمانی فەتح حكوومەتی ناوەندی تۆمەتبار كرد بەوەی دەستی هەبووە لەئازادكردنی نەجمەدین كەریمی پارێزگاری پێشووی كەركوك، كە لەلایەن دادگای عێراقییەوە بەتۆمەتی گەندەڵی و بردنی ماڵی گشتی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە.

عەلی لەلێدوانێكیدا بۆ پێگەی "مەعلوومە" راشیگەیاند، حكومەتی فیدراڵی بەرپرسی یەكەم و تێوەگلاوە لە ئازادكردنی نەجمەدین كەریم لەدەستی دەسەڵاتدارانی لوبنان ، ئەوەش دوای ئەوەی لەفرۆكەخانەی بەیرووت لەسەر بنەمای فەرمانی دەستگیركردنی دادگایەكی عێراقی لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپولەوە دەستگیركرا و دەنگۆی ئەوە هەبوو كە رادەستی دەسەڵاتدارانی بەغدا دەكرێتەوە.

عەلی ئەوەشی راگەیاندووە، ئینتەرپوڵ مافی ئەوەی نییە هیچ تۆمەتبارێك ئازاد بكات ئەگەر دەوڵەتەكەی سازشی لەسەر خۆی و هەموو ئەو داوا یاساییانە نەكردبێت، كە دژی تۆمار كراون.

هەروەها رایگەیاند، سازش لەسەر نەجمەدین كراوە بەسیفەتی سیاسی و بە گوشاری سیاسی ئازادكراوە و گەڕێنراوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی فەتح ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە دەبێت پەرلەمان حكومەت ناچار بكات بەوەی نەجمەدین كەریم بێنێتەوە بۆ بەغدا تا لەسەر دەستپیسی و هاندانی خەڵك بۆ شەڕكردن لەدژی هێزە فیدراڵییەكان دادگایی بكرێت، ئەوە جگە لەوەی لەسەر مامەڵەی چۆنێتی ئازادكردنی لە بەیرووت و زانینی ئەو لایەنە سیایانەی لەپشت ئەو مامەڵەیەوە بوون لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت.

رۆژی یەكشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان  لەشاری هەولێر  پێشوازی لە نەجمەدین كەریمی پارێزگاری پێشووی كەركووك كرد ، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەیەك لە شاری بەیروتی پایتەختی لوبنان دەستگیر كراو  بۆماوەیەك ڕێگای گەشتكردنی لێگیرا .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی