مەسرور بارزانى پۆستەکەى حزبى سۆسیالیست لە کابینەى نوێدا ئاشکرا دەکات

کوردستان

17/06/2019‌ 853 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

له‌شاری سلێمانى مه‌سرور بارزانى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حزبی سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان  به‌سه‌رۆكایه‌تى محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود سكرتێری ئه‌و حزبه‌ کۆبووەوە.

كۆبوونه‌وه‌کە بۆ تاوتوێکردنی به‌شداری حزبی سۆسیالیست بووە لە کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم  و کاندیدی  ئەو کەسانەی کە سۆسیالیست  بە شیاوی دەزانێت  بۆ پۆستەکان.

 

لەدواى کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا مەسرور بارزانى بە رۆژنامەنوسانى راگەیاند، ئەمرۆ سەردانى حزبى سۆسیالیستیان کردوە بۆ وەرگرتنى سیڤى کاندیدەکانى پشکى ئەو حزبە لە حکومەت.

 

ئاشکراشى کرد، حزبى سۆسیالیست وەزارەتى شەهیدانیان بەرکەوتووەو هیوادارن لەماوەیەکى نزیکدا کاندیدەکەیان رادەست بکەن.

 

لەبارەى دوا کەوتنى پێکهێنانى حکومەت بۆ دواى پشووى پەرلەمان، مەسرور بارزانى ئەوەى خستەڕوو، هیوادارن پێش ئەوە حکومەت رابگەیەنن ئەگەر دواش کەوت ئەوا بە رێکەوتن لەگەڵ پەرلەمان دەتوانن ماوەى پشووى هاوینەیان درێژ بکەنەوە.

 

سەبارەت بە بەشدارى کۆمەڵى ئیسلامى لە کابینەى نوێدا کاندیدى راسپێردراوى حکومەت رونیکردەوە، بەرکەوتەى لایەنەکان لە حکومەتدا دیارى کراوەو ئەو پرسە بڕاوەتەوە.

 لاى خۆیەوە محەمەد حاجى مەحمود لەبارەى خۆ کاندیدکردنى بۆ وەزارەتى شەهیدان رایگەیاند، رەنگە راست نەبێت، بەڵام لە داهاتوودا دەردەکەوێت کێ کاندید دەکەن.