ئەرسەلان بایز: نێچیرڤان بارزانى لە ئاست تاڵەبانى و لایەنەکان ناحەقى کرد

کوردستان

17/06/2019‌ 6847 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێکى مەکتەبى سیاسى یەکێتى رەخنەى توند لە نێچیرڤان بارزانى دەگرێت کە لە وتارەکەیدا باسى لە رۆژڵى تاڵەبانى نەکردوەو دەڵێت" سەرۆک بێ مروەتیت کرد".

 ئەرسەلان بایز ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەى فەرمى حزبەکەى بڵاویکردوەتەوە رەخنە لەوتارى دەست بەکاربوونى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەگرێت و نوسیویەتى"بەداخەوە بەپێچەوانەی ئەو نەریتە زانستییە، بەڕێز سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان، جیا لەحزبەكەی خۆی، قوربانی‌و ماندووبوونی هەموو لایەن‌و پێكهاتەكانی تری كوردستانی فەرامۆش كردو هێمای بەهیچ كامێكیان نەدا، كە ئێمەومانانێك هەرگیز چاوەڕوانی ئەو ئەنجامەمان نەدەكرد. بەڕێزت! دەست بخەرەسەر ویژدان بەگۆڕی رەحمەتیی (باوكت) ئایا ئارامیی ئەو 15 ساڵەی رابردووی كوردستان، یەكڕیزیی‌و تەبایی لەبەرامبەر سیاسەتەكانی عیراق‌و دەوروبەر ئارامی‌و ئاوەدانیی كوردستان بەبێ هاوكاری‌و هەماهەنگی (ی.ن.ك)‌و دەستپێشخەریی راستەوخۆی (مام جەلال) دەبوو".

ئەرسەلان بایز دەشڵێت" ئەی هەر برایانی پارتی، تەنانەت بەڕێزت نەبووی دەتانووت: (مام جەلال) چەند لەیەكێتی چووە… هێندەش لەپارتی… عیراقییەكانیش دەیانوت: (مام جەلال) لەهەموو عیراق چووە. ئەی كەواتە سەرۆك… بۆچی بێمروەتیت لەئاستی ئەو پیاوە گەورەیە كرد….؟ ئایا ئاڵۆزی‌و كێشەكانی ئەمڕۆی نێوان هەردوو حزب هیچ پەیوەندییەكی بە (مام جەلال)ەوە هەیە… ئایا ئەگەر (مام جەلال) لەژیاندا بمایە هەموو دەنگە سەوزەكان بۆ ئێوە نەدەچوو…؟؟ ئەی كەواتە ناهەقیی نییە (مام جەلال) بخرێتە نێو كێشەو ئاڵۆزییەكانی ئەمڕۆی كوردستان‌و… لەبەرنامەی كاری چوار ساڵەی ئایندەدا ستایشێكی نەكەی…؟".

ناوبراو ئاماژەى بەوەشکردوە، بەشێكی هۆكاری ئەو فەرامۆش كردنە بۆ رازیكردنی بەشێك لەكادیرو لایەنگرانی حزبەكەى بووە، بەڵام  بەوتەى خۆى  ستایشی مام جەلال بۆ ئەوان فێنكاییەكی دەروونی‌ و كردنەوەی بەشێكی تری دەرگا نیوە كراوەكەو راكێشانی سۆزی چەند سەد هەزار ئەندام‌و لایەنگرانی (ی.ن.ك) بوو، وەک خۆشى دەیڵێت، دەركەوت بەلای ئێوەوە هەر (بەناو) شەریكی پانزە ساڵەی پارتی بووە.

ئەرسەلان بایز لە وتارەکەیدا ئەوەشى نوسیوە، هەق بوو نێچیرڤان بارزانى وەكو سەرۆكی نوێی هەموو حزب‌و لایەنەكانی كوردستان دڵى گەورەتر بووایەو پێی لەهەندێ گلەیی‌و رەخنە بخشاندایە‌و لەوتاری دەستبەكاربوونەكەی ڕەنگی نەدایەوە، بەهیواداریشە بەشێك لەوتارەكەى سەرۆکى هەرێم راگوزەرانە بێت‌و بەرنامەی كاری چوار ساڵى داهاتووى نەبێت.
س.هـ