دكتۆرێكی فەڕەنسی بەكوشتی نۆ كەس تۆمەتبار دەكرێت

جیهان

18/06/2019‌ 736 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دكتۆرێكی فەڕەنسی تۆمەتبار كرا بە ژەهراویكردنی ژمارەیەكی زۆر نەخۆش لە كاتی نەشتەرگەریدا بۆ ئەوەی توشی جەڵتەی دڵیان بكات و دواتریش وەك پاڵەوانێك لە لێواری مردن بیانگێڕێتەوە.

سكاڵاكارەكان دەڵێن كە لە نۆ حاڵەتدا شكستی هێناوە و نەخۆشەكان مردوون.

دادگایەك لە ڕۆژهەڵاتی شاری بێسانچۆن ڕایگەیاند كە ڕۆژی چوارشەممە بە بڕیارێك دكتۆرەكەیان بە كەفالەت ئازاد كردووە، ئەمەش دوای ئەوەی كە سكاڵاكارەكان جەختیان لەوە كردبووەوە كە پیویستە تا كاتی دادگاییكردن دەستبەسەر بێت.

یەكێك لە سكاڵاكارەكان ڕای گەیاند كە دادوەرانی لێكۆڵەرەوە كۆمەڵێ بەڵگەیان دۆزیوەتەوە كە دەری دەخەن ئەم دكتۆرە پەیوەندی هەیە بە ٢٤ حاڵەتی گوماناویەوە كە لەماوەی نەشتەرگەریدا لەو كلینكەی ئەو كاری تێدا دەكات ڕوویان داوە.

هەروەها وتیشی كە وا گومان دەبرێ ئەم دكتۆرە نەخۆشەكانی بە دەرمانی كوشندە كوتابێت لە كاتی نەشتەرگەری سوكدا. دكتۆرە ٤٧ ساڵەكەش ئەم تۆمەتانە ڕەت دەكاتەوە.

سكاڵاكارەكە دانی بەوەدا نا كە بەڵگەكان بە تەواوی نەسەلمێنراون، بەڵام وتی كە دكتۆرەكە لە هەموو حاڵەتەكانی بوژاندنەوەی دڵی نەخۆشەكاندا ئامادەبووە دوای ئەوەی كە گوایا ئەو نەخۆشانە توشی جەڵتەی دڵ بوون.

ئەو وتی: ئەو دكتۆرە تاكە ئامادەبوو بووە لە هەموو ئەو ڕووداوانەدا كە تیایاندا ئاماژەی ژەهراویبوون یان خواردنی دەرمانی زیاد لە پیویست دۆزراونەتەوە.

ئەوەشی وت: حاڵەتەكان لەو دۆخانەدا زیاتر بوون كە دكتۆرەكە لەگەڵ هاوكارەكانیدا لە ململانێی تونددا بووە.

دكتۆرەكە ڕای گەیاند كە دان دەنێت بەوەدا كە كرداری تاوانكاریانە لە كلینكەكەدا ڕوویانداوە، بەڵام ئەو لێیان بەرپرس نییە.

پارێزەری دكتۆرەكە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند كە دكتۆرەكە هەموو تۆمەتەكان ڕەت دەكاتەوە و وتیشی كە ئامادەین وەڵامی هەركەسێك بدەینەوە كە بەڵگەیەك بخاتە ڕوو.

وەرگێڕانی: هێمن عەزیز

بەپەلە