ئیڤانكا ترەمپ و جارید كوشنێر ساڵی ڕابردوو ١٣٥ ملیۆن دۆلاریان پەیدا كردووە

جیهان

18/06/2019‌ 574 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
داهاتی ساڵی ڕابردووی ئیڤانكا ترەمپ و  جارید كۆشنێر لە ماوەی دووەم ساڵی كاریان وەك یاریدەدەری دۆنالد ترامپ ١٣٥ ملیۆن دۆلار بووە، ئەم بڕەشیان لەموڵكە زەبەلاحەكانیان لە بواری خانووبەرە و پشك و ڕێكەوتن و كۆمەڵێك بواری دارایی تردا دەست كەوتووە.

داهاتی پشكی ئیڤانكا لە هۆتێلە خێزانییەكەیان لە واشنتۆن ساڵی ٢٠١٨ نزیكەی ٣،٩٥ ملیۆن دۆلار بوو، كە ئەو هۆتێلە، یەكێكە لە هۆتێلە دڵخوازەكانی لۆبی و دیپلۆماتكارانی بیانی، دوو سكاڵای فیدراڵی لەسەر تۆماركراوە بەبیانووی ئەوەی، كە ترەمپ پێشلی ئەو بڕگەیەی دەستوور دەكات كە ئەوە قەدەغە دەكات حكومەتە بیانییەكان پارە بە سەرۆك بدەن.

داهاتی یەكێكی تر لە موڵكە گەورەكانی ئیڤانكا، كە كۆمپانیایەكی بواری فرۆشتنی جانتا، پێڵا و كەلوپەلی جوانكاریە، لە هەمان ساڵدا نزیكەی یەك ملیۆن دۆلار بوو. لەگەڵ ئەوەشدا ئیڤانكا لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا ئەوەی ڕاگەیاندبوو كە پلانی داناوە بۆ داخستنی ئەو كۆمپانیایە بۆ ئەوەی بواری هەبێت سەرنج بخاتە سەر كارەكەی لە كۆشكی سپی وەك ڕاوێژكاری باوكی.

لە لایەكی ترەوە هاوسەرەكەی ئیڤانكا، جارید كۆشنێر، لە هەمان ساڵدا سەدان هەزار دۆلای پەیدا كردووە، بە تایبەت لە موڵكەكانی لە شاری نیۆرك و پشكەكانی لە یەكێك لە كۆمپانیاكانی بواری خانووبەرە لە كادرێ.

ئاشكراكردنی ئەو داهاتە كە لە لایەن كۆشكی سپییەوە بوو، نیشانی دەدات كە داهاتی ئەو دوو هاوسەرە لە ساڵی ڕابردوودا بەلای كەمەوە ٢٨ ملیۆن دۆلار بووە، ئەمەش لە سامانەكانیانەوە بەرهەم هاتووە كە بەهاكەیان زیاتر لە ١٨٠ ملیۆ دۆلارە.

لە چوارچێوەی چەندان سەرچاوەی داهاتی جیاوازدا،  ئیڤانكا ترەمپ ٢٦٣٠٠٠ دۆلاری بەهۆی بەرزبوونەوەی فرۆشی كتێبەكەیەوە ''ئەو ژنانەی كە كار دەكەن، نووسینەوەی یاساكانی سەركەوتن'' دەست كەوت.

بەشێكی زۆری سەرچاوەی داهاتەكانی كۆشنێر موڵكەكانی بوو لە كۆمپانیا خێزانییەكەیان '' كۆمپانیاكانی كۆشنێر'' كە كۆمپانیایەكی  بواری خانوبەرەیە. كرێی بینا و شوقە زەبەلاحەكانی ئەو كۆمپانیایە نزیكی ٧.٥ ملیۆ دۆلاری بۆ كۆشنێر دەستەبەر كرد.

یەكێك دی لە موڵكەكانی ئەو كۆمپانیایە كۆگایەكی كۆنە كە ئێستا گۆڕدراوە بە شوێنی نیشتەجێبوون و داهاتی ساڵی ڕابردووی ٣٥٠٠٠٠ دۆلار بووە.

ئەوانەی كە پێشتر و ئێستاش لەو بینایەدا كرێنشین بوون سكاڵایان لەسەر كۆمپانیاكانی كۆشنێر تۆمار كردووە بە بیانووی ئەوەی كە بیناكە پڕ ژاوەژاو و تۆزاویە و ژیان تیایدا سەختە. 

هەریەك لە كۆشنێر و ئیڤانكا بەرەبەرە خۆیان لە كاروباری بازرگانی دووردەخەنەوە بەر لەوەی لە كارەكەیان وەك راوێژكاری خۆبەخشی كۆشكی سپی دەست بەكار بن. 

كۆشنێر وەك بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكانی كۆشنێر دەستی لەكار كێشایەوە و بەشێكی زۆری پشكەكانی لە كۆمپانیاكاندا فرۆشت. ئیڤانكاش بە هەمان شێوە خۆی  لە بەڕێوەبردنی كۆمپانیاكانی دوور خستوەتەوە. 

وەرگێڕان: هێمن عەزیز

بەپەلە