شارپرێس:
ئاژانسی بلوومبێرگی ئەمەریكی باسی لەوە كردووە، كە بەرپرسانی سعودی بە گەشتیارە بیانییەكانیان وتووە ساڵی داهاتوو ئەو كۆتوبەندەی خراوەتە سەر خواردنەوە كحوولییەكان هەڵدەگیرێت .
ئاژانسەكە بەپشتبەستن بە قسەی ئەو بیانیانەی لەگەڵ هەندێك لایەنی حكومی سعودی كاردەكەن، دەڵێت: بەرپرسانی سعودییە وتوویانە كار لەسەر ئەوە دەكەن مۆڵەتی هاوردەكردنی خواردنە كحوولییەكان ببەخشن .
هەروەك باس لەوەش دەكرێت، كە ناوەندی دارایی مەلیك عەبدوڵڵا ، كە دەكەوێتە ناوچەیەكی تایبەت لە باكووری ریاز ، خەریكی هەڵسەنگاندنی ئەوەن ڕێگە بەخواردنەوە كحوولییەكان بدەن .
ئاژانسەكە بڵاویشیكردەوە، ئەگەر بێت و قەدەغەی سەر خواردنەوە كحوولییەكان لە سعودییە هەڵگیرا ، ئەوە بەتەواوەتی نابێت و لەچەند جێگایەكی تایبەت دەبێت ، وەك بەخشینی مۆڵەت بەچێشتخانەكان و هۆتێلەكان و ژمارەیەك ناوچەی كەم لەشارە گەورەكان ، هەروەك لەو شوێنە گەشتیارییە تازانەی سعودییە لەبەرنامەیدایە بنیاتیان بنێت .
لەگەڵ ئەوەی لە سعودییە خواردنەوە كحوولییەكان قەدەغەن ، بەڵام بەئاسانی لە بازاڕی رەش دەست دەكەوێت ، ئەوە جگە لەوەی لە هەندێك ماڵیش دەرووست دەكرێت و بەئاشكرا لەو فرۆشگا كاتیانە دەفرۆشرێت، كە لەناو ئەو كۆمەڵگا نیشتەجێیانە دەكرێنەوە، كە خەڵكی بیانیان تێدا نیشتەجێیە .
نرخی یەك شووشە عارەقی قاچاخ نزیكەی ٢١٣ دۆلاری ئەمەریكییە ، بەڵام قوتوویەك ویسكی، یان خواردنەوەی جن زیاتر لە ٣٠٠ دۆلاری ئەمەریكییە .
لەوەتی لەساڵی ٢٠١٧ وە ، محەمەد بن سەلمان پۆستی جێنشینی سعودییەی وەرگرتووە ، گەلێك گۆرانكاری كۆمەڵایەتی و چاكسازی ئابووری كردووە ، دیارترینیان ڕێگەدان بە لیخوڕینی ئۆتۆمبێل لەلایەن ئافرەتەوە و كردنەوەی هۆڵی سینەما .
وەرگیران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی