ئایا مەعجونی ددان شۆردن بۆ چارەسەری سووتاوی بەكەڵكە؟

تەندروستی

18/06/2019‌ 969 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەندێك كەس كاتێك بەشێكی جەستەیان دەسووتێت هەویری ددان لەشوێنی سوتاوییەكە دەدەن بەو ئومێدەی ئازارەكەی كەمبكاتەوە ، بەڵام نازانن لە ئەو جۆرە چارەسەرە رەنگە لێكەوتەی تەندرووستی مەترسیداری لێبكەوێتەوە.

پزیشكێكی مالیزی وێنەی ئافرەتێكی بڵاوكردووەتەوە، كە دوای سوتانی دەستی ، هەویری ددانی خستووەتە سەر جێگاكە و بەهۆیەوە لێكەوتەی خراپی لەسەری هەبووە و دەستی هەئاوساوە ، تا وایلێهاتووە تووشی بۆگەن بوون و خوران بووە.

دكتۆر كامارول عارفین: دەڵێت ئەو پێكهاتانەی لەناو هەویری دداندا هەیە نابێتە هۆی هیوركردنەوەی ئازاری سووتاوییەكە ، لەگەڵ ئەوەی خەڵك لەسەرانسەری جیهان پەیرەوی لێدەكەن .

بەگوێرەی رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی ، ئەوكەسەی جێگایەكی دەسووتێت ئەوە پێویستە ئەو جێگایە بخاتە بەر ئاوی سارد، كە پلەی گەرمییەكەی لەنێوان ١٥ بۆ ٢٠ پلەی سەدی بێت تا ئازارەكەی كەم ببێتەوە.

بەڵام ئەگەر سووتاوەییەكە زۆر بوو لەنێوان پلەی دوو و سێ دا بوو ، ئەوە دەبێت ئەو كەسە ببرێتە نەخۆشخانە تا لەژێر چاودێری پزیشك چارەسەر بكرێت .

پزیشكان هۆشداری دەدەن لە لێكردنەوەی ئەو قەتماغەی سەر برینەكە لەبەر ئەوەی ئەوە نیشانە و ئاكامی نەخوازراوی دەبێت.

هەروەك دەڵێن لەكاتی سووتاندا دەبێت بەخێرایی پەنا ببرێتە بەر لێكردنەوەی هەموو ئەو جلوبەرگ و ئێكسسواراتی دەوروبەری سووتاوییەكە هەیە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی