داواكارییەكان دەباتەوە بەردەم مەكتەبی سیاسی پارتی
مەسرور بارزانی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی یەكێتی پێنەبووە

کوردستان

18/06/2019‌ 2759 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسرور بارزانی راسپێراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی یەكێتی نیشتمانی پێنەبووەو جەختیكردووەتەوە، كە داواكارییەكانیان دەخاتە بەردەم مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات.

مەسرور بارزانی، كە كاندیدی پارتی دیموكراتە بۆ سەرۆكایەتی كابینەی نوێ‌، رۆژی دوو شەممە بەسەرۆكایەتی شاندێك لەگەڵ شاندێكی یەكێتی نیشتمانی كۆبوونەوەی ئەنجامدا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو یەكێتی دراوە بەشارپرێس، شاندی ئەو حیزبە چەند داواكارییەكیان خستووەتە بەردەم مەسرور بارزانی ، كە خۆی لەچەند خاڵێك بینیوەتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، داواكارییەكانی یەكێتی بریتیبوون لەدانانی پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ كەركوك، كە دەبێت پارتی هاوكاری كاندیدەكەیان بكات‌و لەئەنجوومەنی پارێزگا دەنگی پێبدەن، هەروەها داواشیان كردووە، پارتی لەپەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر كاندیدی یەكێتی بدات بۆ پۆستی وەزارەتی داد.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، لەبەرانبەردا مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، ئەو تەنیا بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكان دەكات‌و دەسەڵاتی ئەوەی نییە، كە ئەو داواكارییانە جێبەجێبكات.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە مەسرور بارزانی تەنیا بەڵێنی ئەوەی داوە داواكارییەكانی یەكێتی بباتەوە بەردەم مەكتەبی سیاسی پارتی، بۆ ئەوەی تاوتوێی بكەن‌و بەزوویی وەڵامیان بداتەوە.

هەروەها زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، شاندەكەی یەكێتی جەختیان كردووەتەوە، تا داواكارییەكانیان لەبارەی كەركوك‌و بەغدا جێبەجێنەكرێت، ئەوە ئامادەنین، ناوی كاندیدەكان پێشكەش بكەن‌و بچنە پێشەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم.

هـ ـ ح