كلیلی بەشداریكردن لەحكومەت
یەكێتی جەخت لەجێبەجێكردنی داواكارییەكانی لەسەر كەركوك دەكاتەوە

کوردستان

19/06/2019‌ 1112 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە سەردانەكەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆلایان ڕاوێژكاری بووە ، نەوەك بۆ  ڕێكەوتن لەسەر هیچ بابەتێك.

كاروان ئەنوەر بەرپرس لەمەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی، لەلێدوانێكیدا بۆ پێگەی "مەعلوومە" دەڵێت: لە كۆبوونەوەكەی سلێمانی (رۆژی دوو شەممە ئەنجامدرا)، یەكێتی پەیامێكی داوەتە مەسرور بارزانی بەوەی یەكێتی دەست لە كەركوك و ئیدارەكەی هەڵناگرێت و ئەوەش بنەما و كلیلی بەشداریكردنییەتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

كاروان ئەنوەر دەشڵێت: بەمەسرور بارزانی راگەیەنراوە، كە بەبێ ئەو رێكەوتنە هیچ كەشێكی سیاسی سەقامگیر درووست نابێت.

ئەو ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە مەسرور بارزانی بۆ وەرگرتنی ناوی پاڵێوراوەكانیان بۆ حكومەت سەردانی بارەگای سەرجەم حیزبەكانی تریش دەكات .

رۆژی دوو شەممە شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی مسرور بارزانی سەردانی شاری سلێمانی كرد و لەگەڵ یەكیێتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆران كۆبووەوە.

رۆژی ١٢ی حوزەیران نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان ، مەسرور بارزانی راسپارد بۆ پێكهێنانی حكومەت لەماوەی ٣٠ رۆژداو ئێستاش یەكێتی وەك براوەی دووەم چارەسەری كێشەكانی كەركوكی بەستووەتەوە بە بەشداریكردن لەحكومەت.

یەكێتی داوای دانانی پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ كەركوك دەكات‌و بۆ ئەوەش پێستی بەدەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكە لەفراكسیۆنی پارتی هەیە، كە لەو بارەوە هەردوولا كێشەیان هەیە.

هـ ـ ح