یەكێتی كاندیدبوونی نەجمەدین كەریم بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم رەتدەكاتەوە

کوردستان

19/06/2019‌ 7237 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەو هەواڵانە رەت دەكاتەوە، كە باس لەوە دەكەن "نەجمەدین كەریم" بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید كرابێت ، جەختیش دەكاتەوە نەجمەدین كەریم لەلایەن دادگاوە داواكراوە و مانەوەی بەم شێوەیە پێشێلكردنی ئاشكرای یاسایە .

غەیاس سورچی بەرپرس لەیەكێتی نیشتمانی رایگەیاندووە، هەردوو جێگرەكەی سەرۆكی هەرێم پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانن ، بۆیە نەجمەدین كەریم بۆ وەرگرتنی ئەو  پۆستە كاندید نەكراوە.

سورچی راشیگەیاند، رۆژی دووشەممە سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان كۆبووەتەوە و داوای لێكردوون ناوی كاندیدەكانی جێگری سەرۆكی هەرێم پێشكەش بكەن.

لەسەر ئازادكردنی نەجمەدین كەریمیش ئەو بەرپرسەی یەكێتی رایگەیاند، ئینتەرپول یاسای پێشێل كردووە ، دەبوو دوای دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم  رادەستی دادگای عێراقی بكرابایەوە نەوەك ئازاد بكرێت.

هەروەها رایگەیاند، لابردنی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی پارێزگاری پێشووی كەركووك كراون دەبێت لەڕێگای بڕیارێكی دادوەرییەوە لەسەری لابدرێت و لەبەغدا دادگایی بكرێت و وتەكانی لێوەربگیرێت ، پاشان دادگا بڕیاری ئەستۆپاكی بدات.

هـ ـ ح