حكومەتی هەرێم یان حكومەتی پارتی و هاو ئاوازەكانی

sharpress.net

166 جار خوێندراوه‌ته‌وه

19/06/2019‌

بەدرێژایی هەشت كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام قەیرانەكان كەڵەكە دەبن و گەندەڵی پەرە دەسەنێت و دامەزراوەكانی هەرێمەكەش لە پەرلەمان و دادگاكان گەشەیەكی ئەوتۆیان پێوەنابینرێت و ناتوانن رۆڵێكی كاراو پیشەیی و بێ‌ لایەن بنوێنن لە كاروچالاكیەكانی رۆژانەیاندا، لەبەر ئەم هۆكارانەش دەبینین كە رۆژ بەرۆژ خەڵك متمانەی لاواز دەبێت بە رۆڵی ئەو دامەزراوانە و بەتایبەتیش حكومەت، چونكە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان پێم وایە جۆرێك لە هۆشیاریان هەیە، ئەو هۆشیاریەش بەشێكی بەهۆی میدیاكانەوە بۆی دروست بووە، چونكە لە میدیادا ئێستا و بە درێژایی ساڵانی رابردوو گفتوگۆی چڕوپڕ هەبووە بە بەشداری سیاسی و ئەكادیمی و رۆشنبیر و رۆژنامەنووسەكان لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان لەڕووی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی، كە تیایدا بەشێك لە گفتوگۆكان و نووسینەكان و دیبەیتەكان تایبەت بووە بە سیستمی دیموكراسی و رۆڵی هاوڵاتی و سیستمی سیاسی و جۆری حكومەت بەتایبەتی حكومەتی چاك و رۆڵی كارای هاوڵاتی لەو حكومەتەدا چیە؟ هەروەها بەشێك لە هاوڵاتیان ئاشنایەتیان پەیداكردووە بەرامبەر بە بەرپرسیارێتی حكومەت بەرامبەر بە هاوڵاتیان؟ ئایا خەڵك بۆچی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمان دەكات؟ ئایا ئەو دەنگەی كاریگەری چیە لەسەر جۆری  ئەو حكومەتەی لە هەرێمدا دروست دەبێت؟

ئەزموونی هەشت حكومەتەكەی رابردوو كاریگەری خراپی لەسەر هەڵوێستی هاوڵاتی وەك دەنگدەر دروست كردووە لە هەرێمی كوردستاندا، ئەویش بە كەمی بەشداری خەڵك لە هەڵبژاردنەكانی پارساڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستاندا دەركەوت، چونكە پارتە سیاسیەكان بە پارتە حوكمڕانەكانیشەوە بەڵێنێكی زۆر بە خەڵك دەدەن بەتایبەتی لەڕووی بەرەوڕوبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری هەمەچەشن بە هاوڵاتیان، بەڵام ئەم بەڵێنانە تەنها هەتا ئەوكاتەیە كە پەرلەمان جێگیر دەبێت و دەكەوێتە سەر سكەی خۆی و متمانە بە حكومەت دەدرێت، لەدوای ئەوە نەپەرلەمانتاران و نە حكومەت ناگەڕێنەوە بۆ پێداچوونەوەی بەڵێنەكانیان بە هاوڵاتیان و ئەو پڕۆژانەی كە هەیانبووە بۆ باشكردنی گوزەران و چاكسازی و بەرەوڕوبوونەوەی گەندەڵی، بەڵكو دەچنەوە سەر هەمان ریتمی پێشوو و ناتوانن هیچ گۆڕانكاریەك دروست بكەن، حكومەت وەك لایەنی جێبەجێكار دەبێت ئەو پارتانەی كە بەشداری تێدا دەكەن چاوی یەكەمیان لەسەر پڕۆژەكانیان بێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا.

 

هەروەها ئەوەیان لەبیر بێت كە ئەم حكومەتە كە پەرلەمان دەنگی بۆ داوە لەسەر بنەمای دەنگدانی هاوڵاتی دروست بووە، كەواتە ئەندام پەرلەمان و هەموو بەرپرسەكانی حكومەت هەر لە وەزیرەوە هەتا بەڕێوەبەرە گشتیەكان، دەبێت خۆیان بە نوێنەری هاوڵاتی بزانن و لە ویست و داواكانی هاوڵاتیانەوە نزیك بن و تێكەڵاویان ببن و گوێ‌ بۆ سكاڵا و پێشنیارەكانیان بگرن، هەتا ئەو حكومەتە ببێتە حكومەتی خەڵك، لەبەرئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا بانگەشەی سیستمی دیموكراسی دەكرێت و لە دەستوریشدا چەسپاوە كە سیستم دیموكراسی فیدراڵیە، كەواتە دەبێت لە ئەم روانگەیەشەوە پارتە سیاسیە براوەكان مامەڵە لەگەڵا پێكهاتنی حكومەتدا بكەن، واتە حكومەت دەبێت هەست بكات چ بەرپرسیاریەتێكی لە ئەستۆدایە بەرامبەر بە هاوڵاتیەكانی، بەمەش بەشداری سیاسی و دەنگدان مانایەكی دەبێت و دەرونی دەنگدەر ئاسودە دەبێت و خەڵك هەست دەكات كە ئینتیمایەكی بۆ ئەو حكومەتە و ئەو دەسەڵاتە سیاسیە هەیە، بەڵام ئەگەر بەو جۆرە نەبێت ئەوان رۆژ بەرۆژ پردی پەیوەندی نێوان حكومەت و خەڵك لاواز دەبێت و بەرپرسانی حكومەت لە رۆڵێكدا دەبن و خەڵكیش لە رۆڵێكی تر.

 

لە سیستمە دیموكراسیەكانی ئێستای دنیادا باس لە حكومەتی چاك دەكرێت، ئەمەش بەشێكە لە هۆشیاری سیاسی كە لە كۆنەستی تاكی كورددا چەسپاوەو شتێكی چاوەڕوانكراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیە، لە هەرێمی كوردستاندا هەست ناكرێت كە ویست و خەمێك هەبێت بۆ تێگەیشتن لە ئەو خەم و پێشنیار و داواو تێگەیشتنانەی هاوڵاتی، چونكە دەبینین رۆژبەرۆژ رۆڵی پەرلەمان وەك دەزگایەكی چاودێری لاواز دەكرێت و ناتوانێت رۆڵی كاریگەر و كارای هەبێت لە چاودێری حكومەت و بەرەوڕوبوونەوەی گەندەڵی بەتایبەتی لە كەرتی نەوت و سامانە سروشتیەكانی تردا كە پشكی شێری گەندەڵی بەر دەكەوێت، هەتا ئێستاش پەرلەمان نەیتوانیوە بەدواداچوون بۆ سەرچاوە دارایی ئەو كانزایانە و وزە بكات و داهاتی ئەو كەرتە هەتا ئێستاش بە نهێنی ماوەتەوە، كە پێم وایە ئەمە سەرچاوەی سەرەكی گەندەڵیەكانە، چونكە سامانێكی سروشتی بەتایبەتی وزە كە لەم هەرێمەدا هەیە، هەر هاوڵاتیەكی هەرێم پشكی تێدا هەیە و دەبێت بە شەفافی باس لە داهات و دەرامەت و دەستكەوتەكەی بكرێت بە چاودێری پەرلەمان بۆ خەڵك رون بكرێتەوە، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا هیچ ئامادەكاریەك لە حكومەتی داهاتوودا نابینرێت كە بەوشێوەیە مامەڵە بكات، چونكە هەتا ئێستا بە درێژایی حكومەتەكانی رابردوو حكومەت پرۆژەی كاری چوار ساڵی داهاتوو بۆ هاوڵاتیان ناخاتەڕوو، بەڵكو زیاتر دەبێتەوە حكومەتێكی حیزبی و وەك دەستكەوتێك سەیر دەكرێت بۆ ئەو پارتەی كە سەرۆكایەتی حكومەتی بەدەستەوەیە، بەمەش كۆمپانیای حیزب، هاوڵاتیانی حیزب بەرپرسەكانی حیزب، سوودمەندی یەكەم دەبن لە حكومەت و ئەو هاوڵاتیانەش كە لە دەرەوەی حیزبە حوكمڕانەكانن دەچنە خانەی پلە دوو پلە سێ‌ و پلە هیچیش، ئەمەش سیمای حكومەتەكانی پێشوو بووە، ئەگەر سەیری ئەو بارودۆخە قەیراناویە سیاسەی ئێستای هەرێمی كوردستانیش بكەین بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ململانێی حیزبەكان و گوتاری سیاسی پارتی براوەی هەڵبژاردنەكانەوە هەیە، نابینین كە دۆخی بە حیزب كردنی حكومەت و فەرامۆشكردنی ویستەكانی هاوڵاتی, جیاوازیەكی ئەوتۆی هەبێت، بەڵكو زۆرتر تۆختر دەبێتەوە، چونكە ئەگەر ویستێك هەبوایە بۆ گەڕانەوە بۆ خواست و رێزگرتن لە دەنگی هاوڵاتی، دەبوایە حكومەت هەر لە سەرەتاوە پڕۆژەیەكی چاكسازی رابگەیاندایە و پێداچوونەوەی بكردایە بە هەڵەكانی پێشوو، لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون حكومەتی ئایندەی پێكبهێنایە، بەڵام هەتا ئێستا ئەوە نابینین، ئەوەی دەبینرێت حیزب زیاتر دەچێتە ناو هەموو جومگە هەستیارەكانی حكومەت و ئەوەش كە سودمەند دەبن لێی بەپلەی یەكەم پارتی و پاشان حیزبەكانی بەشداری حكومەت و زۆربەی هاوڵاتیانیش دەبێت وەك بینەرێكی خۆشەویست سەیریان بكەن و چەپڵەیان بۆ لێبدەن .






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved