ئەو حەوت خووە خراپەی دەبنە هۆی تێكدانی مێشكی مرۆڤ

تەندروستی

20/06/2019‌ 2578 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەندێك خوو شێوازی ژیان هەڕەشەیەكی گەورەن بۆ تەندروستی مێشك و دەشێت خانەكانی مێشك لەناوبەرن، كە ئەمەش دەبێتە هۆی چەندین لادانی دەروونی وەك خەمۆكی و ڕاڕایی و چەندان نەخۆشی تری وەك ئەلزەهایمەر، جەڵتەی مێشك، گەشكە و تەنانەت شێرپەنجەش.

هەرچەندە هۆكاری بۆ ماوەیی كاریگەری زۆری هەیە لەسەر كاركردنی مێشك، بەڵام سیستەمی خۆراك و شێوازی ژیان ڕۆڵی سەرەكی دەبینن لە ڕێكخستنی چالاكییەكانی مێشك. 

ئەم حەوت خووە ترسناكەی خوارەوە دەشێت ببنە هۆی وێرانكردنی مێشكت. كۆتایی هێنانی ڕاستەوخۆ پێیان بە ڕاوێژ لەگەڵ دكتۆردا دەشێت ببێتە هۆی گۆڕانكارییەكی زۆر لە تەندروستی دەروونی و جەستەییتدا.

نەخواردنی نانی بەیانی:
 نانی بەیانی گرنگترین ژەمی ڕۆژە. نەخواردنی دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ڕێژەی شەكر لە خوێندا، ئەمەش زیانی زۆر بە مێشك دەگەیەنێت، بە تایبەت كە زۆر دووبارە ببێتەوە. مێشك لە هەموو ئەندامەكانی جەستە زیاتر وزە بەكار دەهێنێت و ٢٠٪ـی شەكری جەستەت لە لایەن مێشكەوە بەكار دێت. بۆیە بۆ دابینكردنی ئەو وزە پیویستە بۆ مێشك پیویستە بەردەوام نانی بەیانی بخورێت.

كەمخەوی: 
ڕەنگە مایەی سەرسوڕمان نەبێت بۆت كە كەمخەوی دەبێتە هۆی هەستكردن بە تەمبەڵی و بیرچوونەوە. ئەمە لەبەر ئەوەیە كە كەمخەوی دەبێتە هۆی ئەوەی خانە دەمارییەكان نەتوانن بە گونجاوی كار بكەن. بۆیە كەمخەوی بۆ ماوەیەكی درێژ مەترسی گەورە بۆ مێشك دروست دەكات.

زۆرخۆری: 
لێكۆڵینەوەكان پەیوەندییەكی بەهێز لە نیوان قەڵەوی و بیرچوونەوە نیشان دەدەن. قەڵەوی كاتێك ڕوودەدات كە ئەو خۆراكەی دەیخۆین ماددەی خۆراكی كەمە بۆیە ئەمە وادەكات جەستە داوای ڤیتامین و كانزای زیاتر بكات و ئەمەش وامان لیدەكات خواردنی زۆرتر بخۆین. ئەمە وادەكات مێشك خۆراكی پێویستی بۆ نەچێت.

جگەرەكێشان: 
جگەرە لە چەندان ڕووەوە دەبێتە هۆی وێرانكردنی مێشك. وازهێنان لێی سەرڕای ئەوەی بۆ تەندروستی گشتیت باشە، دەبێتە هۆی تەندروستی مێشكیش. بە پێی كۆمەڵێك لێكۆڵینەوە وازهێنان لە جگەرە دەشێت مێشك بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخە ئاساییەكەی خۆی.

وشكبوونەوە: ٧٠٪ـی جەستەی مرۆڤ لە ئاو پێك هاتووە، بۆیە خواردنەوەی ئاو بۆ هەموو ئەندامەكانی جەستە، لەناویاندا مێشك، زۆر گرنگە. كاریگەری وشكبوونەوەی جەستە لەسەر كاركردنی مێشك زۆر زوو دەردەكەوێت. لێكۆڵینەوەكان دەریان خستووە كە ئەنجامدانی ماوەی دوو كاژێر ڕاهێنانی وەرزشی قورس بە بێ ئاو خواردنەوە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی توانای عەقڵی بۆ ماوەیەكی كاتی. پیویست ناكات نیگەران بی لەوەی كە چەند ئاو پێوستە ڕۆژانە بخورێتەوە، تینوێتیت باشترین نیشانەی پێویستی جەستەیە بە ئاو.

شەكری زۆر: 
جەستە و مێشكمان پێویستیان بە شەكرە، بەڵام زۆربەی خواردنەكانی ئێستا شەكری زیاد لە پێویستیان تێدایە. خواردنی بەردەوامی شەكری زۆر دەبێتە هۆی هەوكردنی زۆری خانەكانی جەستە بە خانەكانی مێشكیشەوە. ئەمە دەبێتە هۆی بێتوانایی جەستە لە مژینی ماددە گرنگەكانی خۆراك و سەرئەنجام ئەمەش دەبێتە هۆی بێتوانایی مێشك لە توانای بیركردنەوە لەبەر كەمی ماددە خۆراكییە پیویستەكان.

فشاری دەروونی (سترێس): 
لە كۆتاییدا، فشاری دەروونی درێژخایەن دەشێت كاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو جەستەت هەبێ و لە مێشكیشدا دەبێتە هۆی دەردانی هۆڕمۆنی كۆرتیزۆل كە دەبێتە هۆی تێكدانی بەردەوامی مێشك. ئەمە نەك تەنیا خانەكانی مێشك دەكوژێت، بەڵكو قەبارەی مێشكیش كەم دەكاتەوە و كاریگەری لەسەر توانای فێربوون و یادەوەری جێ دێڵێت. كاتی ئەوەیە ڕێگەیەك بدۆزیەوە بۆ پشوودان و ڕزگاربوون لە فشارە دەروونییەكان.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز