ئەو خۆراكانەی زیاتی زۆر بەگورچیلەی مرۆڤ دەگەیەنن

تەندروستی

20/06/2019‌ 2573 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گورچیلەكان كارگەلێكی زۆر سەخت ئەنجام دەدەن. لە پاڵ پاڵاوتن و دەردانی پاشەڕۆكانی سووڕی خوێندا، ئەوان بەرپرسن لە ڕاگرتنی هاوسەگی گشتی شلە لە جەستەدا، دەردانی ئەو هۆڕمۆنانەی كە خڕۆكە سوورەكان درووست دەكەن، پاراستنی تەندروستی ئێسكەكان و ڕێكخستنی فشاری خوێن.

ئێمە هۆشیارانە و ناهۆشیارانە فشارێكی زۆر لە گورچیلەكان دەكەین، ئەمەش  لە ڕێی سیستەمی خۆراك، دەرمان و ژەهرە ژینگەییەكانەوە. ئەمەش دەشێت ببێتە هۆی شێرپەنجەی گورچیلەكان، دروستبوونی بەرد، نەخۆشی گورچیلە یان تەنانەت لەكاركەوتنی یەكجاریان.

هەرچەندە گورچیلەكان ئەندامێكی بەهێزی جەستەن، بەڵام ئەوانیش وە هەر ئەندامێكی تر گەر فشاری زۆریان لێ بكرێت دەشێت وێران ببن.

ڕەنگە سەرسام بیت كاتێك دەزانیت كە چەندان خۆراكی جۆراوجۆر، كە هەندێكیان تەندروستیش دیارن، دەشێت ببنە هۆی تێكدانی گورچیلەكان. بۆ پاراستنی گورچیلەكانت، دڵنیابە لە خواردنی هەر یەك لەو خۆراكانەی خوارەوەدا زیادەڕەوی نەكەیت.

هەر یەك لەو خۆراكانەی خوارەوە وا باشە بە شێوەیەكی مامناوەند بخورێن. گەر گورچیلەكانت تەندروست بن، زۆربەیان مەترسیدار نین، بەڵام بە دڵناییەوە بۆ ئەوانەی كە نەخۆشی گورچیلەیان هەیە باش نین.

ئەو خۆراكانەش ئەمانەن
شیرینكەرە دەستكردەكان، گەر بۆ كەمكردنەوەی شەكر لە خواردنی ڕۆژانەتدا پشت بە شیرینكەرە دەستكردەكان دەبەستی، ڕەنگە ئەمە بژاردەیەكی باش نەبێت، ئەوە سەلمێنراوە كە خواردنی دوو جاری ئەو شیرینكەرانە لە ڕۆژێكدا كاریگەری نەرێنی لەسەر كاركردنی گورچیلە دا دەنێن.

گۆشت: گۆشت پرۆتینێكی زۆری تێدایە كە زۆر گرنگە بۆ پرۆسەی گەشە و تەندروستی ماسولكەكان، بەڵام هەرسكردنی بۆ گورچیلە كارێكی قورسە. هەروەها هەر خۆراكێك پرۆتینی ئاژەڵی زۆر بێت مەترسی دروستبوونی بەرد لە گورچیلەدا زیاد دەكات، بۆیە ئەوانەی كە نەخۆشی گورچیلەیان هەیە، واباشە خۆراكی پڕ پرۆتین نەخۆن.

خوێ: بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی شلە لە لەشدا، سۆدیۆم لەگەڵ پۆتاسیۆم بە هاوسەنگی كار دەكەن، بەڵام خوێ كە لە سۆدیۆم پێك هاتووە، دەبێتە هۆی تێكدانی ئەو هاوسەنگییە. هەروەها سۆدیۆمی زۆر دەبێتە هۆی ئەوەی كە گورچیلەكان ئاوێكی زۆریان پێوست بێت بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی خوێ لە خوێندا، ئەمەش ئەركێكی زۆر قورسە بۆ گورچیلەكان.

بەرهەمە شیرەمەنییەكان: بەرهەمەكانی وەك شیر، ماست و پەنیر ڕێژەیەكی زۆر پۆتاسیۆمیان تێدایە و ڕێژەی پۆتاسیۆم لە میزدا زۆر بەرز دەكەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی بەرد. ئەوانەی كە نەخۆشی گورچیلەیان هەیە واباشە ڕێژەی ئەم خۆراكانە كەم بكەنەوە، چونكە ئەمە كاری گورچیلەكان لە پاڵاوتندا ئاسان دەكات.

كافاین: خواردنەوەی بەردەوامی قاوە، چا، خواردنەوە گازی و وزەبەخشەكان زۆر مەترسیدارە بۆ ئەو كەسانەی كە نەخۆشی گورچیلەیان هەیە. لێكۆڵینەوەكان دەریان خستووە كە خواردنی كافاین مەترسی خراپتربوونی نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە زیاتر دەكات و دەشبێتە هۆی دروستبوونی بەرد.

میوەی ئەدڤۆكاندۆ: ئەم میوەیە هەرچەندە زۆر بەتامە بەڵام بەهۆی ئەوەی رێژەیەكی زۆر پۆتاسیۆمی تێدایە، خواردنی بەردەوامی دەبێتە هۆی تێكدانی باڵانسی سۆدیۆم و پۆتاسیۆم لە گورچیلەدا.

چەرەسەكان: گەر بەردی گورچیلەت هەیە، ئەوا خواردنی چەرەسەكان بۆت باش نییە، لەبەرئەوەی هەندێ كانزایان تێدایە كە هەمان ئەو كانزایانەن كە بەردی گورچیلەیان لێ دروست دەبێت. گەر لە ڕابردوودا بەردی گورچیلەت هەبووە، خواردنی چەرەسەكان زۆر كەم بكەرەوە.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز